راچڵەكین-
ماڵپەرێكی ئەمریكا ئەو زیانە مادیانە ئاشكرا دەكات كە بەر ئێران كەوتوون، بەهۆی ئەو گەمارۆ توندەی سوپای ئەمریكا خستوویەتییە سەر گەرووی هورمز.
ماڵپەری ئاكسیۆس بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابووریەی خراوەتە سەر ئێران لەگەرووی هورمز و كاریگەریەكەی لەسەر هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە، نزیكەی پێنج ملیار دۆلار زیانی ماددی بەر ئێران كەوتووە.
وەك ماڵپەڕە ئەمریكییەكە لەراپۆرتەكەیدا بڵاویكردووەتەوە، نزیكەی 31 كەشتیی نەوتهەڵگر، بڕی 53 ملیۆن بەرمیل نەوتیان تێدایە، لە ئاوەكانی ئێراندا گیریان خواردووە و ناتوانن بجوڵێن. بەهای ئەو نەوتە بە 4.8 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەهۆی ئەوەی ئابووریی ئێران بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
لەلایەكی ترەوە ئاژانسی "بلومبێرگ" بڵاویكردەوە، كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێران كە مێژووی دروستكردنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 1997 دوای چەندین ساڵ كار كەنارخستن و دووركەتنەوەی لە چاوی رادارەكان، جارێكی تر لە بەندەری خارگ بینراوەتەوە، ئەوەش نیشانی دەدات ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی كۆگا نەكردنی نەوت، پەنای بۆ بەكارهێنانی كەشتییە كۆنەكان بردووەتەوە.
بەبڕوای چاودێران، دەركەوتنی ئەو كەشتییە نەوتهەڵگرەی ئێران، ئاماژەی پڕبوونی كۆگاكانی نەوتی ئەو وڵاتەیە كە بەهۆی گەمارۆی سەر گەرووی هورمز، ئێران ناتوانێت نەوتە بەرهەمهاتووەكەی هەناردە بكات یاخود بگوێزێتەوە هەر بۆیە ناچار پەنا بۆ كەشتییە كۆنەكان دەبات و وەك كۆگا بەكاریاندەهێنێت.