راچڵەكین -
بەهۆی روودانی تەقینەوە لە كارگەیەكی یارییە ئاگرینەكان لە چین، 21 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 60 كەسیش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی شینخوا، تەقینەوەكە شەوی ڕابردوو لە كارگەیەكی ناوچەی لیویانگ لە ویلایەتی هونان لە باشووری چین روویداوە. بە وتەی بەڕێوەبەرایەتی فریاكەوتنی خۆجێی ناوچەكە، لە رووداوەكەدا 21 كرێكار گیانیان لەدەستداوە و 61 كەسی دیكەش بریندار بوون.
لە كاردانەوەی رووداوەكە، شی جینپینگ، سەرۆك كۆماری چین داوای كۆكردنەوەی تەواوی هێزەكانی كرد بۆ هەوڵەكانی فریاگوزاری و خێراكردنی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە و مامەڵەكردن لەگەڵ بەرپرسان، هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی فێربوون لە رووداوەكە و بەهێزكردنی ڕێوشوێنی سەلامەتی لە شوێنەكانی كار و زیادكردنی چاودێری و كۆنترۆڵكردنی مەترسییەكان لە كەرتە سەرەكییەكان كردەوە.
تائێستا هۆكاریی سەرەكیی تەقینەوەكە ئاشكرا نەكراوە، لێكۆڵینەوەش لەگەڵ چەند كارمەندێكی كارگەكە دەكرێت.