باخچەلی: پێویستە پێگەی ئۆجەلان لەچوارچێوەیەكی فەرمیدا دیاریبكرێت

کوردستان

52 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 55

راچڵەكین-

سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) دەڵێت، پێویستە پێگە و رۆڵی عەبدوڵا ئۆجەلان-ی سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، لە چوارچێوەیەكی فەرمیدا دیاریبكرێت.

بەرێوەبەرایەتیی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، كە خۆی بە بزووتنەوەی ئاپۆیی ناودەبات، لە ساڵیادی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەدا لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: "رێبەر ئاپۆ، خوازیاری كۆمارێكی دیموكراتییە كە تێیدا كێشەی كورد لە رێگەی یەكگرتنی دیموكراتییەوە چارەسەر بكرێت و كۆتایی بە قۆناغی سەد ساڵەی گرژی و پێكدادانی نێوان توركیا و گەلی كورد بهێندرێت. ئامانج و هەوڵەكانیشی لەم چوارچێوەیەدان، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێت رۆڵی خۆی لە بەدیهێنانی ئامانجێكی لەو شێوەیەدا ببینێت، پێویستە وەك لایەنێكی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. بەم شێوەیە دەردەكەوێت كە دەوڵەت ئیرادەیەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد هەیە. بە دیاریكردنی پێگەی یاسایی رێبەر ئاپۆ وەك لایەنێكی دانوستاندنكار، پرۆسەیەكی راستەقینەی چارەسەری دەست پێدەكات".

لەبەرامبەر ئەو داوایەی بزووتنەوەی ئاپۆیی، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لەكۆبوونەوەی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتەكەی رایگەیاند:" ئەگەر بۆشاییەك هەبێت لە پێگەی ئۆجەلان، پێویستە چارەسەر بكرێت بە قازانجی كۆماری توركیا، خزمەت بە ئامانجی توركیایەكی دوور لە تیرۆر بكات، پێویستە ناوی میكانیزمی پێویست لەم قۆناغەدا كراوە بێت."

"پێویستە ئەم میكانیزمە چاكسازی كۆمەڵایەتی، ئاساییكردنەوەی سیاسی، یاسای برایەتی، نەزمی گشتی، ئاسایشی نیشتمانی و داهاتوویەكی ئارام  پێكەوە لەخۆبگرێت، بۆ كۆتایی هێنان بەم باسانە پێشنیاز دەكەم ئۆجەلان بە ڕێكخەری پڕۆسەی ئاشتی وسیاسیكردن ناوی بهێنرێت." دەوڵەت باخچەلی وا دەڵێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن