راچڵەكین-
پێگەی ئاكسیۆس بڵاویكردووەتەوە، دانووستانەكانی ئێران و ئەمریكا بەرەو پێشچوونیان بەخۆوە بینیوە، هەرئەوەش وایكردووە، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا ئۆپراسیۆنی " پرۆژەی ئازادی" لە گەرووی هورمز هەڵپەسێرێت.
ترەمپ، لە سەكۆی تروس سۆشیال نوسیوویەتی:" بڕیاری هەڵپەساردنەكە لەسەر داواكاری پاكستان و چەند وڵاتێكی تر بووە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ پێشكەوتنی بەرچاو لەدانووستانەكان لەگەڵ ئێران بە ئامانجی گەیشتن بەرێكەوتنێكی گشتگیر."
سەرۆكی ئەمریكا ئەوەی ڕوونكردووەتەوە، گەمارۆی سەر گەرووی هورمز بەردەوامی دەبێت، بەڵام ئۆپراسیۆنی ئازادی هەڵپەسێردراوە، تا هەلێك بدرێت بە تەواوكردنی دانووستانەكان.
رۆژی دووشەممە 4ی ئایار، ئۆپراسیۆنی ئازادی لەگەرووی هورمز دەستیپێكرد كە ئامانج لێی تێپەڕینی ئەو كەشتییانە بوو كە بەهۆی داخستن و گەمارۆی سەر گەڕووی هورمز گیریان خواردبوو.
بەگوێرەی ئامارەكانی دەستەی كەشتیوانیش، لەو دوو رۆژەدا ژمارەیەكی دیاریكراو توانیویانە بەگەرووەكەدا تێپەڕن بەراورد بە پێش جەنگ كە رۆژانە لانی كەم 130 كەشتی تێدەپەڕین.