ناوەڕۆكی كارنامە حكومییەكەی عەلی زەیدی ئاشكرا دەبێت

عێراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 87

راچڵەكین -

عەلی فالح زەیدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، كە ئەمڕۆ كارنامەی حكومەتەكەی رادەستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرد، ناوەڕۆكی كارنامەكەی ئاشكرا دەبێت، كە گرنگترین خاڵەكانی، بریتییە لە چالاككردنی ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا و هێشتنەویە چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە بڵاوكراونەتەوە، كارنامە حكومییەكەی سەرۆكوەزیرانی راسپێردراوی عیراق لە 13 لاپەڕە و 14 تەوەرە پێكهاتووە، بریتییە لە نەخشەڕێگەی حكومەتی نوێ بۆ قۆناغی داهاتوو لە بوارەكانی ئەمنی و سیاسی و ئابووری.

تەوەرەی یەکەم: بەهێزکردنی سەروەری دەوڵەت و ئاسایشی نیشتمانی

بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنییەکان، هەواڵگری و سەربازییەکان، و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی پڕچەککردن.
پەرەپێدانی تواناکانی ئەندامانی حەشدی شەعبی بە جۆرێک کە توانای شەڕکردنیان بەهێز بکات و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانیان لەناو سیستمی ئەمنیدا بەپێی یاسا.

تەوەری دووەم: سیاسەتی دەرەوە
دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی و ڕاکێشانی وەبەرهێنان.
بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کاریگەر و دروستکردنی پەیوەندی تایبەت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێ، هەروەها کارکردن لەسەر پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان".

تەوەری سێیەم: چاکسازی ئابووری و دارایی
بونیادنانی ئابوورییەکی نیشتمانی هەمەجۆر کە کەمتر پشت بە نەوت ببەستێت.
پەیڕەوکردنی پرۆگرامی دیسپلینی دارایی و ڕێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و دیجیتاڵکردنی کۆکردنەوەی باج.

تەوەری چوارەم: وزە (کارەبا و نەوت و گاز)
یەکەم: کارەبا: چاکسازی گشتی لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە دابەشکردنی کارەبا، و وەرچەرخان بەرەو وزەی نوێبووەوە و تۆرە زیرەکەکان.
دووەم: نەوت و گاز: تەواوکردنی پڕۆژەکانی گازی هاوەڵ بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردن، کارکردن بۆ پەسەندکردنی "یاسای نەوت و گاز"، و زیادکردنی توانای پاڵاوگەکان بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە سووتەمەنیدا.

تەوەری پێنجەم: پیشەسازی
چاکسازی لە یاساکانی پیشەسازیدا بۆ زیادکردنی بەشداری ئەم کەرتە لە داهاتی نیشتمانی.

تەوەری شەشەم: کشتوکاڵ و ئاو
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم لە ئاودێری و کشتوکاڵدا، بەستنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاو بۆ دابینکردنی مافی ئاوی عێراق.

تەوەری حەوتەم: حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
بونیادنانی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ چاکسازی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی.

تەوەری هەشتەم: پەروەردە و خوێندن
بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی حکومی و ئەهلی بەردەوامبوون لە دروستکردنی قوتابخانەکان (لە ڕێگەی سندوقی عێراق-چین).

تەوەری نۆیەم: تەندروستی
باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و گەیاندنیان بە ناوچە دوورەدەستەکان.

تەوەری دەیەم: پاراستنی کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری
چاکسازی لە یاسای کار و بەرزکردنەوەی کارایی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.

تەوەری یازدەیەم: پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیا
دەسپێکردنی ستراتیژی نیشتمانی بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی.

تەوەری دوازدەیەم: مافی مرۆڤ و ئافرەت و منداڵ
پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و نەهێشتنی جیاکاری.

تەوەری سێزدەیەم: گەنجان و وەرزش
پشتگیریکردنی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان.

تەوەری چواردەیەم: ڕۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەوار
پاراستنی ناسنامەی شارستانی عێراق و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی شوێنەوارە دزراوەکان.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن