راچڵەکین-
لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ئیسرائیل ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نامەی مۆبایل هاندەرانە بووەتەوە کە دراونەتە پاڵ هاکەرە ئێرانییەکان و بە زمانی عیبری بۆ هەزاران مۆبایل نێردراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئیسرائیل هیۆم"، نامەکان داوا لە ئیسرائیلییەکان دەکەن هاوکاری ئێران بکەن، لەگەڵ بەکارهێنانی دەستەواژەی هەڕەشەئامێز، لەوانە: "بەمزووانە خۆر لە ئاسمانی شەودا دەبینن"، ئەمەش دووبارەبوونەوەی ئەو نامە هۆشدارییانەیە کە پێشتریش لە کاتەکانی ئاڵۆزیی نێوان هەردوولادا بڵاوکرابوونەوە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە نامەکان شەوی دووشەممە تا بەیانی سێشەممە بڵاوبوونەتەوە؛ بەکارهێنەران ڕایانگەیاندووە نامەیەک گەیشتووەتە دەستیان کە هانیان دەدات پەیوەندی بە "دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران" بکەن لە ڕێگەی ئینتەرنێت یان باڵیۆزخانەکانی ئێران لە وڵاتانی جیاواز.
لە یەکێک لە نامەکاندا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگهێشتتان دەکات بۆ هاوکاری لە بواری هەواڵگریدا"، لە کاتێکدا هەندێک نامەی دیکە ڕەخنەی سیاسی ناوخۆیی پەیوەست بە شەڕی ئێستایان تێدابووە، جگە لە نامەیەک کە دەڵێت: "بەڵێنمان پێدابوون کە بەمزووانە لە ئاسمانی شەودا ئەستێرەگەلێک دەبینن کە ئەستێرە نین".
ماڵپەڕی "ئیسرائیل هیۆم" لە زاری دەستەی نیشتمانیی ئاسایشی سایبەری ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئامانجی ئەم نامانە "خەڵەتاندنی هاووڵاتییان و بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێیە"، جگە لە هەوڵدان بۆ ناچارکردنیان تا زانیاری کەسی ڕادەستی "لایەنە نەیارەکان" بکەن.
دەستەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی نامەکان و ڕاگرتنیان بەردەوامە، ئاماژەی بەوەش کردووە هەندێک لە نامەکان لە ژمارەیەکەوە نێردراون کە ناوی وەهمیی وەک "IntelOp" یان لەسەرە.
هەروەها دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم نامانە پشتگوێ بخرێن و بۆ کەسی دیکە نەنێردرێنەوە، هەروەها کلیک لەسەر هیچ لینکێکی هاوپێچ نەکرێت و لە ڕێگەی هێڵی گەرمی تایبەت بە ڕووداوە سایبەرییەکانەوە ڕاپۆرت بکرێن.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ڕووبەڕووبوونەوەی سایبەری و میدیایی نێوان ئێران و ئیسرائیل توندبووەتەوە، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی گرژییە ئەمنی و سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.