راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا ماوەی ساڵێك تۆماركردن بۆ ئەو بازرگان و خاوەن كۆمپانیا و پێشەنگاكانی بواری هاوردەكردن و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل درێژبكاتەوە كە پێش شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران، ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلیان هاوردە كردووە و بەهۆی شەڕەوە نەفرۆشراوە، هیچ سزایەكی داراییش ناكەوێتە سەریان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-5-2026، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە گوێرەی فەرمانی وزاریی ژمارە 13935، كە رۆژی 13-5-2026 بە واژووی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، لەبەر لێكەوتەكانی بارودۆخی شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران بەسەر كەسابەت و گوزەرانی خەڵك و بازرگانی، ماوەی ساڵێك تۆماركردن درێژكرایەوە بۆ ئەو بازرگان و خاوەن كۆمپانیا و پێشەنگاكانی بواری هاوردەكردن و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل، كە پێش شەڕ ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلیان هاوردە كردووە، بەڵام بەهۆی دۆخی شەڕەوە لە گەراج و پێشەنگاكانیان ماوەتەوە و نەیانتوانیوە بیفرۆشن.
لە فەرمانە وەزارییەكەدا هاتووە، بازرگان و خاوەن كۆمپانیا و پێشەنگاكانی بواری هاوردەكردن و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل، هیچ سزایەكی دارایی ناكەوێتە سەریان.