راچڵەكین -
پۆلیسی گەرمیان دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند كە شەوی رابردوو لەناو شاری كەلار رێگایان لە ئۆتۆمبێلێك گرت و شەڕیان لەگەڵ شۆفێرەكەی كردبوو.
عەقیدی پۆلیس، سۆران حەمە غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو وابڵاوكرایەوە كە چەند گەنجێك بە ماتۆڕسكیل لەنێو قەزای كەلار ڕێگایان لە ئۆتۆمبێلێك گرتوەە و شەڕیان لەگەڵ شۆفێرەكەی كردووە، لەلایەن پۆلیسەوە دوو تۆمەتباری رووداوەكە دەستگیركراون لەدوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران دەركەوت رووداوەكە رێگریی نەبووە، بەڵكو كێشەی كۆن لەنێوانیان بووەو شەوی رابردوو دیسان گرژیی لەنێوانیان دروستبووە.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاشكرایكردووە، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی (477) تۆمەتباران ڕاگیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەش لەسەر ڕوداوەكە كراوەتەوە، پۆلیس لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر رووداوەكە دەكات.