راچڵەكین -
بە بڕیاری قایمقامییەتی قەزای دوكان، یاریی جیت سكی لە شوێنە ئاوییە گەشتیارییەكانی ناوچەكە قەدەغە دەكرێت و هەر خاوەن بەلەمێكیش سەرپێچی بكات، دووچاری رێكاری یاسایی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 15-5-2026، قایمقامییەتی قەزای دوكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای چەند كۆبوونەوەیەك، لیژنەی سەلامەتی و ژینگە بەسەرپەرشتی قایمقامی دوكان، بڕیاریاندا بە قەدەغەكردنی یاری جیت سكی لەو شوێنە ئاوییانەی كە رۆژانە گەشتیاران رووی تێدەكەن.
سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دوكان رایگەیاندووە، جگە لە قەدەغەكردنی یاری ئاوی جیت سكی، هاوكات چەند بڕیارێكیشیان لەبارەی بەلەمە گەشتیارییەكانەوە دەركردووە، كە دەبێت لەماوەی دوو هەفتەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار بكەن و مۆڵەت دەربكەن و تەواوی مەرجی سەلامەتی گەشتیاریی لە بەلەمەكانیاندا هەبێت، بە پێچەوانەوە هەر خاوەن بەلەمێك یان جیت سكییەك سەرپێچی بكات، رێكاری یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.
قایمقامییەتی قەزای دوكان هۆكاری دەركردنی ئەم دوو بڕیارەی گەڕاندووەتەوە بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و گەشتیاران، بڕیارەكانیش لەلایەن هێزەكانی ئاسایش و بەرگری فریاكەوتن و پۆلیسی ناوخۆو بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان و ژینگەوە جێبەجێ دەكرێت.
لەبارەی ئەو كەسانەشی كە یاری جیت سكی دەكەن، لە راگەیەندراوەكەی قایمقامییەتی قەزای دوكان دا هاتووە، بەپێی ئەو رێكارانەی بۆیان دیاریكراوە، دەتوانن لە قوڵایی دەریاچەكەدا و لەو بەشە ئاوییەی گەشتیار ڕووی تێناكات، دەتوانن كاتەكانیان بەسەربەرن.
قایمقامییەتی دوكان ئاماژەی بەوەكردووە، لە پێشتردا گەشتیاران نیگەران بوون لەوەی بەشێك لە خاوەن بەلەم و ئەو كەسانەی لە ئاوی دەریاچەكە و زێی دوكاندا یاری جیت سكی-یان دەكرد، بووبوونە مایەی بێزاری و هەندێك جار مەترسی بۆسەر ژیانی گەشتیاران، بەڵام لەئەمڕۆوە قەدەغەكراون و گەشتیاران و هاووڵاتیان دەتوانن بە ئارامیی گەشت بكەن و كاتەكانیان بەسەربەرن.