راچڵەكین -
لەسنووری قەزای سەیدسادق، سێ كەس بەتۆمەتی دزینی چەند سارئاژەڵێك دەستگیركران و لەكاتی لێكۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە كە چەند تاوانێكی تری دزینی ئاژەڵیان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، كە ئەمڕۆ هەینی 15-5-2026 بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سكاڵای تۆماركرد كە ژمارەیەك ئاژەڵی لەجۆری (مانگا) لێدزراوە، بڕیاری دادوەر وەرگیرا و دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكان، زانیاری پێویست كۆكرایەوەو توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە هەر سێ تۆمەتبار كە لە شێوەی بانددا بوون، بدۆزرێنەوەو دەستگیر بكرێن.
هەرسێ تۆمەتبار بەناوەكانی ( ب، م، ع) و (ه، س، ح) و (ڕ، ع، ئ ) لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی (٤٤٦) لە یاسای سزادانی عیراقی، ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، لەكاتی لێكۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە كە چەند تاوانێكی تری دزینی ئاژەڵیان ئەنجامداوە.