لەهەولێر كەسێك بەم تۆمەتە دەستگیركرا

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 75

راچڵەكین-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر، دەستگیركردنی كەسێكی بەتۆمەتی كوشتنی باوكی و برینداركردنی برایەكی راگەیاند.

رۆژی هەیینی 22ی ئایاری 2026 بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:"دوای ئەوەی تیمەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر كاتژمێر 1:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆئاگاداركرانەوە لە ڕووداوێكی كوشتن، دەستبەجێ تیمەكانی پۆلیس لە بەشی پۆلیسی بنەسڵاوە (بنكەی پۆلیسی كەسنەزان) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە."

"لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دەركەوت كە تۆمەتبارێك بە ناوی (م. س. م) بەهۆی كێشەیەكی خێزانییەوە تەقەی لە باوكی خۆی بە ناوی (سەفیر موراد سابیر) كردووە ، لەڕووداوەكەدا باوكی دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. پاشان تۆمەتبارەكە تەقەی لە برایەكی خۆی بە ناوی (میران سەفیر موراد) كردووە و برینداری كردووە، كە ئێستا لەژێر چاودێری پزیشكیدایە."

وەك لەراگەیەندراوەكەی پۆلیسی هەولێر دا هاتووە، تیمەكانی پۆلیس لە ماوەیەكی پێوانەیی كورتدا توانییان تۆمەتباری ناوبراو دەستگیربكەن. لە ئێستاشدا پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕێكخراوە و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامن بۆ گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن