راچڵەکین-
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەری لە سنووری پارێزگای سلێمانی راگەیاند.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو سێ بازرگانە، دەست بەسەر بڕی 12 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ماریوانە گیراوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایش:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی/بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر/بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، لەدوو چالاکییدا، توانیان دەستبەسەر بڕی (١٢)کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانە بگرن و ( ٣ )بازرگانی ماددەی هۆشبەر کە خاوەن رەگەزنامەی بیانین لەسنووری سلێمانی دەستگیربکەن.
_چالاکی یەکەم: لەڕۆژی٢٠٢٦/٥/٢١ لەدوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد، توانرا تۆمەتبارێکی بیانی لەشاری سلێمانی دەستگیربکرێت و دەستبەسەربڕی (٥،٢٠٠)پێنج کیلۆ و دوو سەدگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانە بگرن و لەدوای لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێت تۆمەتبار بڕی(٥،٥٠٠)پێنج کیلۆ و پێنج سەدگرام ماددەی هۆشبەری ماریوانەی لەماڵەکەی خۆی لەشارۆچکەی حاجی ئۆمەران شاردوەتەوە.
دەستبەجێ پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر ئەنجام دەدرێت و دەستبەسەر ماددە شاراوەکەدا دەگیرێت، تۆمەتبار بڕی(١٠،٧٠٠)دەکیلۆ و حەوت سەدگرام ماددەی هۆشبەری هێناوەتە هەرێمی کوردستان.
_چالاکی دووەم: لە ڕۆژی٢٠٢٦/٥/٢١ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان، لەسنووری سلێمانی توانیان دوو تۆمەتباری بیانی دەستگیربکەن و دەستبەسەر بڕی(١،٣٠٠)یەک کیلۆ و سێ سەد گرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانە بگرن.
لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی ٢٥ لەیاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.