ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: كەس قوربانی نەباتە دەرەوەی كوردستان

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 56


راچڵەكین-

ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان رێنماییە شەرعییە تایبەتەكانی قوربانی ئەمساڵ بڵاو دەكاتەوە.

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لەكوردستان داوا دەكات، ئەمساڵ هەر كەسێك قوربانی دەكات نەیباتە دەرەوەی كوردستان:"بەتایبەت كە ئەمساڵ هەژاری و نەدارییەكی زۆر هەیە لە باشوری كوردستان و تێكڕای پارچە دابڕاوەكانی تریش"

هەروەك ئاماژەی بەوەكردووە:" بۆ ئەوانەی كە چوونەتە حەج و نیازی قوربانییان هەیە، باشتر وایە قوربانی لێرە لە كوردستان بكەن بە تەوكیل، چونكە لە مەكەی پیرۆز رێژەیەكی یەكجار زۆری قوربانی ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەو پێویستیەی لێرە هەیە لەوی نییە.

دەقی راگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لەكوردستان

قال الله تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43).
الحَمد لله ربّ العالمين والصّلاة‌ والسّلام على حبيبنا ومولانا محمد وعلى آله وأصحابه والتابعين ومَن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين..

ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە كوردستان لە دانیشتی ئەمڕۆ یەكشەممەی نائاسایی خۆیدا، هانی موسوڵمانانی هەبووی كوردستان دەدات بۆ ئەنجامدانی قوربانی چەندە بتوانن، چونكە سوننەتێكی یەكجار گەورەیەو خێر‌و پاداشتێكی نەبڕاوەی هەیە، وەك لە چەندین دەقی پیرۆزدا هاتووە، وەك لە فەتواكانی پێشوومان دا روونمانكردووەتەوە.لێرەشدا بە پێویستی دەزانین ئەم رێنوماییە شەرعییانە دووپات بكەینەوە، كە تێكڕایان لە چوارچێوەی ئادابی شەرعی سەربڕینی قوربانی و ئەحكامی تایبەتن بەو عیبادەتە پیرۆزەوە لەوانەش:

یەكەم: كاتی سەربڕینی قوربانی لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە دوای نوێژی جەژن دەست پێ دەكات تا كۆتایی رۆژی چوارەمی جەژن، لە هەموو كاتەكانی ئەو چوار ڕۆژەدا دروستە ئەنجام بدرێت، شەو بێت یان رۆژ جیاوازی نیە.

دووەم: سەبارەت بە ئاژەڵی قوربانی؛ بزن‌و مەڕ هەر یەكیان تەنها بەیەك قوربانی دەچێت بە مەرجێك بزن دوو ساڵی تەواو كردبێت‌و مەڕیش یەك ساڵی تەواو كردبێت، ڕەشە وڵاغیش یەك دانەی بۆ حەوت قوربانی دەبێت‌و، مەرجە وڵاغەكە دوو ساڵی تەواو كردبێت. پێویستە ئەو حەیوانەی كە دەیكاتە قوربانی عەیبێكی وای نەبێت، واتە: زۆر لاواز‌و شێت‌و كۆرە‌و نەخۆش‌و لەڕ نەبێت، بەڵام حەیوانی بێ‌ قۆچ یان قۆچ شكاو دەشێت ئەگەر شكاندنەكە لاوازی نەكردبێت، وەئەگەر گوێی هەر دڕا بوو یان كون كرا بوو ئەوا دەشێت، بەمەرجێك هیچی لێنەكرابێتەوە، وەحەیوانێ ئەگەر هەموو ددانەكانی كەوتبێ‌ نابێت بۆ قوربانی، بەڵام ئەگەر یەك دوانێكی شكابوو یان كەوتبوو، ئەوا كێشەی نییە بەمەرجێك كاریگەری خراپی نەبێت لەسەر خواردنی و بەو هۆیەشەوە لاواز نەبووبێت، لەقوربانی كردندا ئاژەڵی نێر‌و مێ‌ فەرقیان نییە، وە ئەگەر نێرە خەسیویش بێت هەر دەشێت.

سێیەم: چونكە قوربانیكردن لە ماڵێكدا سوننەتێكی كیفائییە، بۆیە دروستە سەرۆكی خێزان بۆ خۆی مەڕێك یان بزنێك بكاتە قوربانی و لە خێر و پاداشتەكەیدا تەواوی خانەوادەكەی بەشداری پێ بكات، واتە: دروستە مەڕێك كە تەنها بۆ یەك كەس دەشێت، بەڵام خاوەنەكەی وێنەی پاداشتی(مثل الثواب) بنێرێت بۆ هەموو خانەوادەكەی، ئەوەش مەبەستە لەو فەرمودەی كە لەو بارەوە هاتووە، نەك ئەوەی دروست بێت یەك مەڕ بۆ قوربانی خانەوادە بشێت.

چوارەم: بۆ ئەوانەی كە چوونەتە حەج و نیازی قوربانییان هەیە، باشتر وایە قوربانی لێرە لە كوردستان بكەن بە تەوكیل، چونكە لە مەكەی پیرۆز رێژەیەكی یەكجار زۆری قوربانی ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەو پێویستیەی لێرە هەیە لەوی نییە.

پێنجەم: ئەو كەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، دروستە كەسێك لێرە بكەنە وەكیلی خۆیان‌ و لێرە قوربانییان بۆ بكەن.

شەشەم: دروستە قوربانیكردن بۆ منداڵی ناباڵغ، بەڵام بۆی دەبێتە سەدەقە. بۆیە چاكتر وایە، ئەگەر منداڵەكە گەییشتە تەمەنی بلۆغبوون دووبارە قوربانی بكاتەوە.

حەوتەم: باش وایە پارە تەسلیم نەكرێت بە هیچ دەزگا و رێكخراوێك بۆ ئەنجامدانی قوربانی، چونكە عیبادەتێكی سەربەخۆیە، خێرتر وایە كەسەكان بۆ خۆیان ئەنجامی بدەن، چونكە زیاتر دڵنیا دەبن لەوەی، كە چۆن قوربانییەكە دەكەن و بەپێی ئادابی شەریعەت جێبەجێی دەكەن.

هەشتەم: لە مەزهەبی پێشەوامان حەزرەتی شافیعی دا (رحمه الله) و لا ی زۆرینەی زانایانی تریش دروست نییە گواستنەوەی قوربانی لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر، یان لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە،  تەنها لەو كاتەدا نەبێت، كە كەسەكانی شوێنی دووەم زۆر هەژار‌ترو پێویستر بن، یاخود خزمە هەژارەكانیان لەو جێیە بن. ئەمەش پێویستی بە تەقلیدی مەزهەبی پێشەوا (ئەبو حەنیفە) هەیە(رحمه الله).

بۆیە داواكارین كەس قوربانی نەباتە دەرەوەی كوردستان، بەتایبەت كە ئەمساڵ هەژاری و نەدارییەكی زۆر هەیە لە باشوری كوردستان و تێكڕای پارچە دابڕاوەكانی تریش..

نۆیەم: قوربانی نەزر تەنها دەدرێتە ماڵە هەژارەكان، نابێت خاوەنەكەی خۆی‌و ئەوانەی نەفەقەیان لەسەریەتی وەك ژن و مناڵ و دایك و باوك لێی بخوات‌و، مەگەر بە میوانداری لە ماڵێكی دیكە بیخوات، وە نابێت قوربانی نەزر بدرێتە ماڵی دەوڵەمەندیش.

دەیەم: قوربانی سوننەت دروستە خاوەنەكەی و ماڵ و منداڵی لێی بیخوات‌و، هەروەها لێی بدرێتە دەوڵەمەندەكانیش بە مەرجێك موسڵمان بن، چونكە ئەمە قوربانییەو عیبادەتە، سەدەقەی عیبادەتیش وەك قوربانی و زەكاتی ماڵ تەنها لە موسڵمانانەوەیەو بۆ موسڵمانانیش دەشێت.

یازدە: قوربانیكردن بۆ مردوو ئەگەر وەسیەتی كردبێت واجبە لە مەزهەبی خۆمان و زانایانی تریش بۆی بكرێت، بەڵام لە میراتەكەی خۆی، ئەگەر وەسیەتی نەكردبوو، هەر دروستە بۆی بكرێت بە میراتی خۆی، بەڵام دەبێ‌ هەموو میراتگرەكان رێگەی پێ بدەن، ئەگەرنا دروستە هەر كەسێك بە ماڵی خۆی لە راهی خودا بۆی بكات.

دوازدە: ئەگەر قوربانیەكە بۆ مردووی وەسێتكار بوو، نا بێت ماڵ و منداڵی خۆی یان دەوڵەمەندان لێی بخۆن، بەڵكوو تێكڕای واجبە بدرێتە هەژاران؛ چونكە پێویستی بە ئیزن و تەملیك هەیە، وەك لە سەرچاوەكاندا هاتووە، بەڵام ئەگەر كەسوكاری بۆ خۆیان بۆیان كرد، ئەوا دروستە لێی بخۆن و لێی ببەخشنە دەوڵەمەندانیش.

سیازدە: ئەگەر قوربانی لە گوندێك یان جێگەیەكدا بە هەرەوەزی ئەنجامدرا وەك ئێستا باوە، ئەوا پێویستە ئاگاداری قوربانی نەزر و وەسێتكراوی مردوو بن، كە پێویستە وەك گوتمان جودا بكرێنەوەو تەنها بدرێتە ماڵە هەژارەكان، ئەگەر چارەسەر نەكرا و بۆیان جیانەدەكرایەوە با تێكڕایان لەو مەسئەلەدا تەقلیدی مەزهەبی پێشەوا ئیمامی ئەحمەد(رحمه الله) بكەن.

چواردە: دروستە بەبێ‌ پرس پێكردن كەسێك قوربانی بۆ كەسێكی دیكە بكات، تەنانەت ئەگەر مردوو وەسێتیشی نەكردبوو لەسەر رای هەندێك لە زانایان هەر دروستە بۆی بكرێت.

پازدە: باشتر وایە لە كاتی سەربڕینەكە خاوەن قوربانی ئامادە بێت، چونكە پێغەمبەرمان (درودی خوای لەسەر بێت) بە دەستی موبارەكی خۆی بەرانی بە قۆچی كردۆتە قوربانی.

ئەگەر ئامادەش نەبوو بەهۆی رێنوماییەكانی تەندروستی  هەر دروستە، گرنگ ئەوەیە ئەوەی سەری دەبڕێت نییەتی ئەوی لێ‌ بهێنێت و ئادابی شەرعی بەرجەستە بكات.

شازدە: پێمان باشە رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی جێ بەجێ بكرێت سەبارەت بە كوشتنەوەی قوربانیەكە لە كوشتارگەكان و رەچاوی پاكوخاوێنی زۆر پێویستە بكرێت لەپێناو سەلامەتی و بەرژەوەند گشتی.

والله تعالى أعلم.
وصلّى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.
ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا لە كوردستان
٧ ذوالحجة ١٤٤٧ك=
٢٤ -٥-٢٠٢٦ز = ٣ جۆزەردان ٢٧٢٦ك


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن