راچڵەكین-
لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی داوا لەو هاوڵاتییانە دەكەن كە بەنیازی قوربانین، رێگە نەدەن لە شوێنی خراپ و نا تەندروستدا ئاژەڵەكانیان بۆ سەرببڕدرێت.
رۆژی چوارشەممە 27ی ئایاری 2026 بابان ئەحمەد_ سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند:" لە یەكەم رۆژی جەژندا لیژنەكانمان لە ئەركدان و چاودێری چۆنێتی قوربانیكردن دەكەن، داوا لە هاوڵاتیان دەكەن ئەوان كارێكی خێر دەكەن، رێگە نەدەن لە شوێنی خراپ و نا تەندروستدا ئاژەڵەكانیان بۆ سەرببڕدرێت."
" لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەردەوام لە ئەركداین و هەر ئاژەڵفرۆشێك یان قەسابێك لە دەرەوەی قەسابخانەی رێگەپێدراو ئاژەڵ سەرببڕێت رێكاری یاسایی لەگەڵ دەگرینە بەر و رێگە نادەین گۆشت و ئاژەڵی ناتەندروست بچێتە ماڵەكانەوە، چونكە مەترسی بۆ سەر ژیان و تەندروستی هاولاتیان دروست دەكات." بابان ئەحمەد وا دەڵێت.