راچڵەكین-
سەرۆكی ئەمریكا ئەو هێڵ سوورە دیاری دەكات كە دەبێتە هۆی دەستپێكردنەوەی جەنگ بۆ سەر ئێران لەهەمان كاتدا دان بەوەدا دەنێت كە:" ئێرانییەكان دانوستانكاری زۆر لێهاتوون."
دۆناڵد ترەمپ، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فۆكس نیوز ئاماژەی بەوەكردووە، داهاتووی هەر ڕێكەوتنێك لەگەڵ ئێران پشتی بەستووە بەوەی تاچەند خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكات، چونكە هەر رێكەوتنێك " گرێبەستێكی باش نەبێت" بۆ واشنتۆن، وادەكات ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دژ بەو وڵاتە دەستپێبكەنەوە.
" هێڵی سووری ئەمریكا ئەوەیە كە رێكەوتنەكە لەخزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكادا نەبێت، من دانووستان دەكەم، ئەوان دانووستان دەكەن، ئێرانییەكانیش دانووستانكاری زۆر لێهاتوون، بارودۆخەكە تاوتوێ دەكەم، بزانین چی ڕوودەدات." دۆناڵد ترەمپ وا دەڵێت.
سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوەكرد، پاشەكشەی توانا سەربازییەكانی ئێران وا دەكات واشنتۆن لە دانووستانەكاندا دەنگی زاڵتر بێت، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە.