راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی داوا لەشۆفێران دەكات نزیكی ئەو ناوچانە نەبنەوە كە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاوو لافاویان هەیە.
رۆژی هەیینی 29ی ئایاری 2026 هاتوچۆی سلێمانی بڵاویكردەوە، پاڵپشت بە زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی - بەشی پێشبینی لە ڕۆژانی هەیینی، شەممە، یەكشەممە و دووشەممە گۆڕانكاری و ناجێگیرییەك لە دۆخی كەش و هەوادا دروست دەبێت، شەپۆلەكە سەرتاسەرییە و سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە وە ئەو كاریگەرییە خۆی لە نمەباران، لەهەندێك شوێن لێزمەباران و هەروەها خۆڵبارین دروست دەبێت و خێرایی با زیاد دەكات.
هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەكات ئەم گۆڕانكارییانە لە دۆخی كەش و هەوا كاریگەری دەبێت بە ڕەوش و سیستەمی هاتووچۆ و شێوازی شۆفێرێكردن، پێویستە بە ئاگا بن و خێراییەكانیان كەم بكەنەوە و نزیكی ئەو ناوچانە نەبنەوە كە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاو و لافاویان هەیە وەك سەرچاوەی ڕووبارەكان و چەمەكان و هەرشوێنێكی دیكە كە گومانی مەترسی لێدەكرێت.
پێویستە ڕەچاوی سەرجەم ڕێنماییەكانی هاتووچۆ بكەن بەتایبەت (پاراستنی ماوەی سەلامەتی، كەمكردنەوەی خێرایی، سەرقاڵ نەبوون و بەكارنەهێنانی مۆبایل لەكاتی شۆفێریدا.)