ژمارەی قوربانیانی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان بەرزدەبێتەوە

جیهان

25 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 5

راچڵەكین -

هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لوبنان چڕتر دەبێتەوە و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 30 هاووڵاتیی دیكەی لوبنانی بەهۆی بۆردومانەكانەوە گیانیان لەدەستداوە، بەگوێرەی نوێترین ئاماریش كۆی ژمارەی كوژراو و بریندارانی ئەو وڵاتە بۆ زیاتر لە 13 هەزار و 450 كەس بەرزبووەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 29-5-2026، وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویكردەوە، لەئەنجامی هێرش و بۆردومانەكانی 24 كاتژمێری رابردووی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جیاجیاكانی باشووری وڵات، 31 هاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی و دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باشووری بەیروت و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئەو وڵاتە، تائێستا سێ هەزار و 355 كەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارانیش بۆ 10 هەزار و 99 كەس بەرزبووەتەوە.

فراوانبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، لەكاتێكدایە ئاگربەست لەنێوان هەردوو وڵات درێژكراوەتەوەو تائێستاش سێ گەڕی دانوستانیان بە نێوەندگیریی ئەمریكا ئەنجامداوە بەئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی و كۆتایی هێنان بە شەڕی نێوانیان، بەڵام ئیسرائیل رایگەیاندووە كە ئاگربەست بەمانای ئەوە نایەت وەڵامدانەوەی جموجۆڵ و كردەوە چەكدارییەكانی حزبوڵا نەدەنەوەو لەهەر شوێنێكی هەست بە بوونی مەتری لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل بكرێت، ئەو ناوچەیە بەسەختی بۆردومان دەكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن