ئەنجومەنێكی باڵا بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی پێكدەهێنرێت

عێراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 70

راچڵەكین - 

سەرۆكوەزیرانی عیراق بڕیاریدا بە پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای سیادی بۆ دەستپاكیی و چاودێریی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی، بەمەبەستی چاودێریكردنی كاری وەزارەت و پارێزگاكان و رێگریكردن لە بەهەدەردانی پارەی گشتی و گەڕاندنەوەی سامانی دەوڵەت.

ئەمڕۆ شەممە 30-5-2026، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە وردبینیكردن لە گرێبەستە حكومییەكان كرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی و سەرۆكی داواكاری گشتیی و دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ-ی تایبەت بە دۆسییەكانی دەستپاكیی ئامادەیبوون، عەلی زەیدی بڕیاریدا بە پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای سیادی بۆ دەستپاكیی و چاودێریی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی، كە بە سەرۆكایەتی خۆی و ئەندامییەتی هەریەك لە سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی دەبێت.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كاری ئەو ئەنجومەنە چاودێریكردنی كاری وەزارەتەكان و دامەزراوە ناپەیوەندیدارەكان بە وەزارەت و پارێزگاكان دەبێت بەتایبەت بابەتە جەوهەرییەكان بۆ رێگریكردن لە بەهەدەردانی پارەی گشتی و گەڕاندنەوەی سامانی دەوڵەت، ئەنجامی چاودێرییەكانیش رەوانەی دادگا دەكرێت.

سەرۆكوەزیرانی عیراق راسپاردەشی دەركرد بۆ لێكۆڵینەوە لە سوودە ئابورییەكانی پڕۆژەكان، هاوكات بڕیاریش درا بە پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی لاوەكیی تایبەتمەند بۆ وردبینیكردن لە گرێبەستە حكومییەكان لەپێناو دڵنیابوون لە یەكانگیربوونیان لەگەڵ یاساكان و رێنماییە كارپێكراوەكانی دەوڵەت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن