راچڵەكین -
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە سااڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی، پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڵێنە نەگۆڕەكەی دووپات دەكاتەوە، بۆ خەباتكردن لەپێناو تەواوی مافەكانی گەلی كورد لە هەموو شوێنێك، شانبەشانی خوشك و برا سەربەرزەكانمان لە عیراق.
لەو پەیامەیدا كە ئەمڕۆ 1-6-2026 بڵاویكردەوە، سەرۆكی یەكێتی راشیگەیاندووە، لەم یادەدا، رێز لە میراتی بەردەوامی سەرۆك جەلال تاڵەبانی دەگرین، كە دیدگای بۆ پێكەوەژیان، دیالۆگ، دیموكراسی و هاوبەشیی نیشتمانی بەردەوام رێنیشاندەری رێگەكەمانە.
دەقی پەیامەكە:
لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، لەم دۆخە سەختە ئابووری و ناسەقامگیرییە هەرێمییەی كە خەڵكەكەمانی تێدایە، ئەوە دووپات دەكەینەوە كە لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵكی خۆماندا هاوپشت و هاوسەنگەرین.
دەمەوێت لە ناخی دڵمەوە سوپاسی كۆمەڵانی خەڵكی خۆمان بكەم بۆ ئارامگرتن و خۆڕاگرییان و دڵنیایان دەكەینەوە كە لەسەر هەوڵە بێوچانەكانمان بەردەوام دەبین بۆ خزمەتكردن و پاراستنیان. لە هەنگاوەكانی داهاتووماندا، یەكڕیزیی عیراق و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان وەك دوو كۆڵەكەی سەرەكی بۆ سەركەوتنی وڵاتەكەمان دەمێننەوە. لەپێناو ئەمەشدا، لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەكانمان لە عیراق و سەرانسەری جیهان هەوڵەكانمان چڕتر دەكەینەوە.
هەروەها بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە دەكەین كە كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان. كردەوەی لەم جۆرە هەڕەشە لە سەلامەتی و سەقامگیریی خەڵكەكەمان دەكات و هەوڵەكان بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەموو عیراقییەكان تێكدەدەن.
لەم یادەدا، رێز لە میراتی بەردەوامی سەرۆك جەلال تاڵەبانی دەگرین، كە دیدگای بۆ پێكەوەژیان، دیالۆگ، دیموكراسی و هاوبەشیی نیشتمانی بەردەوام رێنیشاندەری رێگەكەمانە.
بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەكی بەردەوام، دەبێت بە جددی كار بكەین بۆ چاككردنەوە و بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لە هەمان كاتدا دڵنیاببینەوە لەوەی كە عیراق بە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیەوە دەمێنێتەوە.
لە كۆتاییدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڵێنە نەگۆڕەكەی دووپات دەكاتەوە، بۆ خەباتكردن لەپێناو تەواوی مافەكانی گەلی كورد لە هەموو شوێنێك، شانبەشانی خوشك و برا سەربەرزەكانمان لە عیراق.
هەر شاد و سەركەوتووبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان