راچڵەكین-
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستنیشانكردنی حاڵەتێكی نەخۆشی تای خوێنبەریوونی لەشاری دهۆك راگەیاند.
رۆژی چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026 وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پیاوێكی دانیشتووی گوندی دووگرێ لە ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای شەنگال لە پارێزگای نەینەوا تەمەن (47) ساڵ دوای چەندینجار سەردانی نەخۆشخانە، دواتر ڕوو لەشاری دهۆك دەكات و لەلایەن تەندروستی دهۆك دوای گومانلێكردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەستیشانكراو و پشتڕاستكراوە.
توشبووەكە پیشەی شوانە، بەركەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە، دوای سەردانی نەخۆشخانە لەشاری دهۆك و گومانلێكردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەكانی، چەندین ڕێكاری دەستنیشانكردن و چارەسەری پزیشكی گیراوەتەبەر، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشكی لە نەخۆشخانە لەشاری دهۆك خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستی ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم داوا لە هاوڵاتیان دەكات پابەندبن بە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان ، لەكاتی بوونی گومان و نیشانەكانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەكانی ڤێترنەری ئاگاداربكەنەوە. یاخود هاوڵاتیانی بەركەوتووانی بەخێوكردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەكانی ئاژەڵ لەكاتی بوونی هەر نیشانەیەكی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن بێ دواكەوتن.
تا ئێستا دوای بوونی چەندین حالەتی گومانلێكراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشكنین بۆ گومانلێكراوانی ئەمساڵدا لەماوەی ڕابردوو، دەرەنجام هیچ حالەتێكی پشتڕاستكراوە نەبووە تەنها یەك حالەت لەناوەڕاستی عیراق ڕوو لەشاری سلێمانی كردبوو بۆ چارەسەر و بەتەواوی چاكبووەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوو.