راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عیراق لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێم و نوێنەرانی ژمارەیەك لەو كۆمپانیا نەوتییە بیانییانەی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، كۆبووەوەو بڕیاریدا لە سبەینێوە ئەو كۆمپانیایانە كارەكانیان دەستپێبكەنەوە و هەموو پێداویستییەكیشیان بۆ دابین بكرێت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 3-6-2026، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیران لەگەڵ شاندێكی حكومەتی هەرێم، بە سەرۆكایەتی كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان و نوێنەرانی ژمارەیەك لەو كۆمپانیا نەوتییە بیانییانەی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیرانی دەرەوەو نەوت و سوپاسالای عیراق ئامادەیبوون، سەرۆكوەزیران گوێبیستی بارودۆخی كاری كۆمپانیا نەوتییەكان بوو لە ژێر ڕۆشنایی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی بەهۆی شەڕی ناوچەكە هاتووەتە ئاراوە، هەروەها دیدگایەكی هەمەلایەنە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی كارەكانی ئەو كۆمپانیایانە لە زووترین كاتدا خرایەڕوو.
عەلی زەیدی بڕیاریدا بە دابینكردنی سەرجەم ئەو پێداویستییانەی كە هاوكار دەبن لە دەستەبەركردنی دڵنیایی بۆ كاركردنی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان لە هەرێم، وتیشی: ئەو زیانەی كە بەهۆی راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لەڕێی گەرووی هورمزەوە بەر عیراق كەوتووە، پێویست بەوە دەكات هەوڵەكان زیاتر بكرێن بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانە لەڕێی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی دەبنە بەربەست لەبەردەم زیادكردنی بەرهەمهێنان.
سەرۆكوەزیرانی عیراق راسپاردەشی دەركرد بۆ ئەوەی لەسبەینێوە كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان دەست بە كارەكانیان بكەنەوە و جەختیشیكردەوە لەسەر كاركردنی هاوبەش و دەستەبەركردنی ژینگەیەكی گونجاو و پێداویستییە بنەڕەتییەكان.