وەزارەتی دارایی و ئابووری: بەنزیكەیی 70%ی داهات كەمیكردووە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 86

راچڵەكین-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، بەپێی داتا و زانیارییەكانیان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەركەوتووە بەنزیكەیی لە ٧٠٪ داهاتی ناوخۆ كەمبووەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026 وەزارەتی دارایی راگەیەندراوێكی لەسەر چاوپێكەوتنێكی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی بڵاوكردەوە سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی پێنج مانگی ڕابردووی هەرێمی كوردستان و لێدوانی عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست و عومەر گوڵپی كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی كوردستان.

لەبارەی داهاتی هاتووچۆ، وەزارەتی دارایی دەڵێت:" سەرباری ئەوەی سەرچاوەی زانیارییەكانی لای ئێمە ڕوون نییە و وەزارەتی دارایی / ژمێركاری لێی بەرپرس نییە، ژمارەكە هەرچەندێك بێت مانای ئەوە نییە ئەوە داهاتی كۆتاییە و دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە، بەڵكو بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان وەزارەتی ناوخۆ و چەند وەزارەتێكی تر بەشێك لە داهاتیان بۆ خۆیان دەبێت ( بۆ پێداویستیەكانیان بەپێی تایبەتمەندییان) ، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ڕێژەیە دەبێتە داهاتی كۆتایی."

ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری/ وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

( ێا أَیُّهَا الَّژِینَ ێ‌مَنُوا إِن جَا‌وَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَیَّنُوا أَن تُصِیبُوا قَوْمًا بِجَهَاڵەٍ فَتُصْبِحُوا عَڵیٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِینَ ) 
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چاوپێكەوتنێكی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری لە كەناڵی ڕووداو، كە تێیدا داهاتی ناوخۆی پێنج مانگی ڕابردووی هەرێمی كوردستانی خستبووە ڕوو، هەریەك لە بەڕێزان عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و عومەر گوڵپی كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی كوردستان بە ناشارەزایی و نەزانی چەند لێكدانەوەیەكی نادروستیان بۆ داتاكان كردووە، ئەوەی پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە هەیە بە پێویستمان زانی لەم چەند خاڵەی خوارەوە وەڵامیان بدەینەوە.
١- لەدەستپێكی قسەكانیدا بەڕێز عەلی حەمەساڵح دەڵێت وەزارەتی دارایی پێشتر ڕایگەیاندووە داهاتی مانگانەیان چوار سەد ملیار دینارە، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەكی نییە و هیچ كات وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەكردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەكی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەكات.
بەخشتەیەك داهاتی ناوخۆی حەوت ساڵی ڕابردوو دەخەینەڕوو كە مانگانە لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە تۆمار كراوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە وردبینی بۆ كراوە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕەخنەیەكی لێی نەبووە، جێی خۆیەتی لە كاك عەلی بپرسین بێ زەحمەت ئەم چوار سەد ملیارەت لەكوێ هێناوە؟.
٢- هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت داهاتی خاڵە سنوورییەكان مانگانە ١٤٠ ملیار دینارە ئێستا چۆن ڕێی تێدەچێت ٤٠ ملیار دینار بێت،  داهاتی خاڵەسنوورییەكانیش هاوشێوەی داهاتەكانی تر بەردەوام لەگۆڕاندایە، لە ڕابردوو  هەر ژمارەیەك بووبێت لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە دەركەوتووە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان خۆیان لە گومرگ و دەروازەكان وردبینیان كردووە و ژمارەكانیان لە بەردەست بووە، وەهیچ لایەنێكی فەرمی و یاسایی ڕەخنەیان لێی نەبووە، نازانین سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی كاك عەلی باسیان دەكات چییە؟!.
بۆ هەموو ئەوانەی داتاو زانیاری ناڕاست بڵاو دەكەنەوە، لامان سەیرە ئەو بەڕێزانە تا ئێستا ئاگاداری دۆخ و فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێم نین، هەروەك ئەوەی لێرە نەژین، لە هەموو بوارەكانی باج و گومرگ و بیمە و هتد….كە فشارێكی ئابووری و بازرگانی توندی لەسەر هەرێم داناوە.
سەرباری شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران كە كاریگەریەكانی گەیشتووەتە سەرتاسەری دنیا و كاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر عێراق كردووە، بە چ لۆژیكێك كاریگەری لەسەر هەرێم جێناهێڵێت؟.
ڕاستیەكەش ئەوەیە هەروەك بەپێی داتا و زانیارییەكانی وەزارەتی دارایی و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەركەوتووە بەنزیكەیی لە ٧٠٪ داهات كەمبووەتەوە.
٣- لە بەشێكی تری قسەكانیدا باس لە داهاتی هاتووچۆ دەكات، سەرباری ئەوەی سەرچاوەی زانیارییەكانی لای ئێمە ڕوون نییە و وەزارەتی دارایی / ژمێركاری لێی بەرپرس نییە، ژمارەكە هەرچەندێك بێت مانای ئەوە نییە ئەوە داهاتی كۆتاییە و دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە، بەڵكو بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان وەزارەتی ناوخۆ و چەند وەزارەتێكی تر بەشێك لە داهاتیان بۆ خۆیان دەبێت ( بۆ پێداویستیەكانیان بەپێی تایبەتمەندییان) ، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ڕێژەیە دەبێتە داهاتی كۆتایی.
٤- لە درێژەی قسەكانیدا بەڕێز عەلی حەمە ساڵح دێتە سەر داهاتی كارەبا و مانگانە بە  ٩٠ ملیار دیاری دەكات، بەشێكی ئەم ژمارەیە كە ئێمە لێی دڵنیا نین، قەرزی فرۆشتنی كارەبایە لای هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان، بڕێكی  تریشی تایبەتە بەكرێی فرۆشتنی كارەبا بە وەزارەت و فەرمانگە حكومییەكان كە بە تەنها  چەك و مەقاسەیە لەنێوان وەزارەتەكان، واتە وەك ژمارە دەردەكەوێت بەبێ بوونی كاش ئەوەی دەمێنێتەوە وەك كاش بەكردەیی(فیعلی) بەكار دەهێنرێت كە زۆر لەو ٩٠ ملیارە كەمترە، ئەوە سەرباری ئەوەی بەشێك لە داهاتی كارەبا ڕاستەوخۆ دەدرێتەوە بەخۆیان بەمەبەستی بەكارهێنانی تێچووی چاككردنەوەی وێستگەكان و محاویلە و تۆڕەكانی گەیاندنی كارەباو .......هتد
لە كۆتایدا پرسیار لەو بەڕێزانە دەكەین بڵاوكردنەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەكردن كێ لێی سوودمەندە؟ . 
دووپاتی دەكەینەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لارییان لەم زانیاریانەی حكومەتی هەرێم نەبووە ، جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەم بەڕێزانە بۆ لە مەلیك مەلیك ترن.
 ئێمە تێكڕای قسەكانی ئەو بەڕێزانە ڕەتدەكەینەوە ، چەند بارەشی دەكەینەوە دەتوانن هەركات ویستیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری بكەن بۆ ئەوەی توشی هەڵە نەبن و لەسەرچاوەی ڕاستەوخۆ كە ئێمەین زانیارییەكان وەربگرن.
هاوپێچ؛ خشتەی داهاتی ناوخۆی هەرێم بەپێی ساڵەكان (٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣،٢٠٢٢،٢٠٢١،٢٠٢٠،٢٠١٩ ) لەگەڵ پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ كە بۆ  بەغداد نێردراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری / وەزارەتی دارایی و ئابووریی


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن