راچڵەكین -
پۆلیسی گەرمیان دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند، كە چەندین كەیسی تاوانكاریی لەسەر تۆماركراوە.
ئەمڕۆ هەینی 5-6-2026، عەقیدی پۆلیس، سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بنكەی پۆلیسی قۆرەتوو تۆمەتبارێكی دەستگیركرد كە پێشتر چەندین كەیسی جیاوازی هەبووە و داواكراو بووە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تۆمەتبارە دەستگیركراوەكە، بەپێی ماددەی (447) لە یاسای سزادانی عیراقی كەیسی لەسەر تۆماركراوە. هەروەها كەیسێكی تریشی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان هەیە، بەهۆی ڕاوكردن و مامەڵەكردن بە ئاسك و بێچووە ئاسكەوە.
ئێستا تۆمەتبارەكە بە بڕیاری دادوەر لە پۆلیسی گەرمیان راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.