فەرماندەی سوپای لوبنان دەچێتە پاکستان

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 226

راچڵەکین- 
سوپای لوبنان ڕایگەیاند کە ڕوودۆڵف هێکل، فەرماندەی سوپای وڵاتەکەی، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی هاوتا پاکستانییەکەی گەیشتووەتە ئیسلام ئاباد و بڕیارە لەم سەردانەیدا لەگەڵ  عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی پاکستان کۆببێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵە نێوەندگیرییەکانی پاکستان لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دێت، بەو پێیەی دۆسیەی لوبنان یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا عاسم مونیر ڕۆڵێکی بەرچاوی لە نێوەندگیریی نێوان ئێران و ئەمریکادا گێڕاوە، و پاکستان هەوڵی داوە لە ڕێگەی گفتوگۆی دیپلۆماسییەوە زەمینە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا خۆش بکات.

هاوکات لەگەڵ ئەم جووڵە دیپلۆماسییانەدا، جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا جەختی کردەوە کە نابێت ئێران دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا بکات، و ئاماژەی بە گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی بەیرووت لەگەڵ ئیسرائیل کرد.

سەرۆک کۆماری لوبنان ڕوونیشیکردەوە کە وڵاتەکەی تەنها موڵکی گەلی لوبنانە و هیچ ده‌وڵه‌تێك بۆی نییە دەست لە بڕیارەکانیدا وەربدات، و نابێت لوبنان ببێتە ئامرازێک بۆ "بازاڕکردن" و چانەزنییەکانی ئێران لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا.

لەلایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی مەیدانی، سوپای لوبنان ڕایگەیاند کە سێ سەربازی وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان هاتوونەتە کوشتن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن