پەرلەمانتارێك داوای پشكی 40%ی پرۆژەیەك لەخاوەنەكەی دەكات

عێراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 316

راچڵەكین-

دادگای لێكۆڵینەوەی تاوانەكانی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵی لە عیراق، بەنووسراوی فەرمی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كردووە پارێزبەندی لەسەر (حەسەنێن قاسم محەممەد خەفاجی) پەرلەمانتاری خولی ئێستا هەڵبگرێت، بەهۆی ئەوەی داوایكردووە كە بەرتیل و پشكی 40%ی پرۆژەیەكی پێبدرێت. 

بەگوێرەی نووسراوی دادگاكە كە رۆژی یەكشەممە 7ی حوزەیرانی 2026 دەرچووەو، ئاراستەی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەرخی كردووە، داواكراوەڕەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق وەربگیرێت بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی دژی حەسەنێن خەفاجی و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری، بە پشتبەستن بە ماددەی 63ی دەستووری عیراق.

وەك لەنووسراوەكەدا هاتووە، لەلایەن وەبەرهێنەرێك بەناوی(مستەفا مشتت) سكاڵا لەدژی   ئەو پەرلەمانتارە تۆماكراوە بە تۆمەتی هەڕەشەكردن لێی بۆ ئەوەی ڕێژەی 40٪ی پشكی پرۆژەی (حەورا بەغداد)ی نیشتەجێبوون بكات بە ناوی كارمەندێكی نووسینگەكەی بەناوی (ئەنوەر سەباح عەبدولسادق) كەلەئێستادا دەستگیركراوە. جگە لە داواكردنی بڕی 500 هەزار دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دەستوەردان لە كارەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاكی و دەستەی وەبەرهێنان بەبێ بوونی هیچ ڕێگەپێدانێكی فەرمی.

لە بەڵگەنامەكەدا هاتووە، پەرلەمانتارەكە بانگەشەی ئەوەی كردووە كە پەیوەندی بە دادوەرانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و بەرپرسانی باڵای دەستەی دەستپاكییەوە هەیە و دەتوانێت دۆسیەكانی سكاڵاكار دابخات.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، سكاڵاكە بە تۆماری دەنگیی پەرلەمانتارەكە، دانپێدانانی كارمەندە دەستگیركراوەو ناوەڕۆكی ناو مۆبایلەكەی تایبەت بە گرێبەستە سەرەتاییەكانی پرۆژەكە سەلمێندراوە.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن