تۆمەتباری هێرشكردنە سەر هاووڵاتییە بەتەمەنەكەی هەولێر دەستگیر كرا

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 103

راچڵەكین -

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند كە هێرشی كردبووە سەر هاوولاتییەكی بەتەمەن و ئازاری پێگەیاندبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە، كە تێیدا دەركەوتووە لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر، كەسێك ڕێگری لە هاووڵاتییەكی بەتەمەن دەكات لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە و هێرشی دەكاتە سەر، ئەم دیمەنە ناڕەزایەتی و دەنگدانەوەیەكی زۆری لەناو هاووڵاتیاندا لێكەوتەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بەوەكراوە، لەسەر ڕاسپاردە و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، لەرێگای تیمەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن، توانرا تۆمەتبار (أ.ف.د) دەستگیر بكرێت و لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دەركەوتووە كە تۆمەتبارەكە نەخۆشیی دەروونیی هەیە.

پۆلیسی هەولێر ئاشكرایكردووە لە ئێستادا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە رێكخراوەو بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی هەولێر و بەپێ مادەی 413  لەیاسای سزادان، تۆمەتبارەكە راگیراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن