راچڵەكین-
بەرپرسێكی ئەمریكی رایدەگەیەنێت، سوپای وڵاتەكەی بەشدار نەبووە لەو هێرشەی بەیانی رۆژی دووشەممە ئیسرائیل كردیە سەر چەند ناوچەیەكی ئێران.
ئەو بەرپرسە ئەمریكییە بە پێگەی ئاكسیۆسی راگەیاندووە، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەجۆرێك لەجۆرەكان سنووردار بووە.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت، سوپای ئیسرائیا رایگەیاند، لەوەڵامی هێرشە مووشەكییەكانی ئێران بۆسەر ئەو وڵاتە چەند ئامانجێكیان لەناو خاكی ئێران و بەدیاریكراوی لە تاران، ئەسفەهان، تەورێز، كرماشان و كەرەج بۆردومانكردووە.
سوپای ئیسرائیل ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە چەند ئامانجێكی لەناو كۆمەڵگەی پێترۆكیمیایی لە "ماهشەهر" لە باشووری رۆژئاوای ئێران بۆردومان كردووە.
هێرشەكانی ئیسرائیل، دوای ئەوە دێت شەوی ڕابردوو ئێران بەچەند مووشەكێك ئیسرائیلی كردە ئامانج، ئەوەش بەیەكەم هێرشی لەو جۆرە ئەژمار دەكرێت لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست لە 8ی نیسان.
هاوكات كەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا دوای هێرشەكان پەیوەندی بە بنیامین ناتانیاهۆ- سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل كردووەو داوای لێكردووە چەند رۆژێكی دیكە ئارام بگرێت و وەڵامی هێرشەكانی ئێران نەداتەوە.