راچڵەکین-
شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی لەگەڵ هاوبەشەکانیدا بە جیددیەتەوە کار دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و جەختی کردەوە کە ئێستا ئامانجی کۆتایی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی نزیکە لە بەدەستهێنان.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە پلاتفۆرمی ئێکس ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادبوونی توندوتیژییەکانی ئەم دواییە بەبیرهێنەرەوەی مەترسییەکانی ئاگربەستێکی لەرزۆک و لێکەوتە تاقەتپڕووکێنەکانیەتی و داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و دەرفەت بدەنە ئاشتی.
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە پاکستان ڕۆڵی نێوەندگیری سەرەکی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەگێڕێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.
لە چوارچێوەی ئەم نێوەندگیرییەدا، موحسین نەقەوی وەزیری ناوخۆی پاکستان، ڕۆژی شەممە نامەیەکی تایبەت و پەیامێکی گرنگی شەهباز شەریف و عاسم مونیری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی، ڕادەستی تاران کرد کە ئاراستەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابوو.
وەزیری ناوخۆی پاکستان هێشتا لە تاران سەرقاڵی بەڕێوەبردنی دانوستانەکان بوو، کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر گەڕەکی زاحیەی باشوور لە بەیرووت و لە بەرامبەریشدا ئێران چەند ناوچەیەکی لە ناو خاکی ئیسرائیلدا کردە ئامانج.