وەزارەتی دارایی : بەغداد مووچەی دوو مانگی ساڵی رابردووی خەرجنەكردووە

ئابوری

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 113

راچڵەكین-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، حكومەتی فیدراڵ لەساڵی 2025 دا دوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی خەرج نەكردووە، لەكاتێكدا مووچەی ئەو دوو متانگە فەرمانبەرانی فیدراڵی خەرج كراوە.

رۆژی سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026 وەزارەتی دارایی و ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر لێدوانەكانی ( عەدنان فەیحان دلێمی) جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاوكردەوە كە تیایدا داوایكردبوو حكومەتی فیدراڵ هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان خەرج نەكات تا پاكتاوی ئەو پارانە نەكرێت كە لەڕابردوودا بۆی خەرج كراوە.

وەزارەتی دارایی  دەڵێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام ئامادەیی نیشانداوە بۆ چارەسەركردنی هەر تێبینییەك یان پاكتاوێك  كە بكەوێتە ئەستۆی:" هەروەك جەخت لەوە دەكەین حكومەتی هەرێم تەواوی ئەو پابەندییە داراییانەی جێبەجێكردووە كە لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 و یاسای بودجەی گشتی ژمارە 13ی ساڵانی 2023-2024 و 2025 دا هاتووە."

حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بووە بەرادەستكردنی پشكی گەنجینەی حكومەتی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگەكانی ساڵی 2025 بەگوێرەی ئەو یاسایانەی ئاماژەیان پێكراوەو ئەو رێكەوتنەی لەگەڵ حكومەتی پێشووی فیدراڵیدا هەبووە، لەبەرامبەردا تەنها مووچەی 10 مانگی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵی دابینكراوەو تائێستا مووچەی مانگەكانی  تشرینی دووەم و كانوونی یەكەم خەرج نەكراوە، لەبەرامبەردا مووچەی ئەو دوو مانگەی سەرجەم فەرمانبەرانی فیدراڵی خەرج كراوە.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەكردووە بۆ ساڵی 2026، بەپێی ڕێككەوتنەكان هەرێم پشكی بەغدادی لە داهاتە نانەوتییەكانی مانگەكانی كانوونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایار ڕادەستكردووە.

سەبارەت بە كەمبوونەوەی داهاتەكانیش لە هەردوو مانگی ئازار و نیسان، وەزارەتەكە هۆكارەكەی بۆ دۆخی جەنگ لە ناوچەكە و نەگەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی سیستەمی "ئەسیكودا" لە دەروازە سنوورییەكان گەڕاندووەتەوە، كە وەك ئامرازێك بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر هەرێمدا بەكارهێنراوە. سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆكانی تایبەت بەو سیستەمە گەیشتبوونە قۆناغی كۆتایی، بەڵام بەغداد لە دەركردنی بڕیاری پێویست كەمتەرخەمی كردووە، بۆیە بەپێی ڕێككەوتنێك، بڕیاردراوە تەنها 50٪ی داهاتە نانەوتییەكان ڕادەست بكرێت بەهۆی دابەزینی قەبارەی داهاتەكانەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێم سەرباری ڕەخنەگرتنی لە عەدنان فەیحان دلێمی دەڵێت، باشتر بوو جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دەستووری بدات بۆ بابەتی ناڕەواو نادادپەروەرانەی خەرجی فعلی بدۆزێتەوە كە بەهۆیەوە تەواوەتی شایستە داراییەكان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج نەكراوە: " " داواكردنی وەستاندنی خەرجكردنی مووچەی بەشێك لە فەرمانبەرانی دەوڵەت جێی سەرنج و تێڕامانە بەتایبەت كەلەلایەن كەسێكەوە داواكراوە كە پێگەی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەیە و دەبێت كار بۆ پاراستنی مافی سەرجەم هاوڵاتییان و گەرەنتی یەكسانی نێوانیان بكات."

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن