راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عیراق نامەیەك ئاڕاستەی سەرۆككۆماری قۆناغی راگوزەری سووریا دەكات و تێیدا جەخت لە پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكانی ناوچەكە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-6-2026، عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لەڕێی حەمید شەتڕی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عیراق، نامەیەكی ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆككۆماری قۆناغی راگوزەری سووریا، كرد.
لە نامەكەدا عەلی زەیدی جەختی لە پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عیراق و سووریا كردووەتەوە، بە جۆێك ئاستی هەماهەنگییەكانی نێوانیان بەرزبكرێتەوە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی قەیران و ئاڵنگارییەكانی ناوچەكە لە بوارەكانی ئەمنی و ئابووری، ئەمەش لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات.
وەك لە راگەیەندراوەكەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراقدا هاتووە، ئەحمەد شەرع لە وەڵامی نامەكەی عەلی زەیدی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆكوەزیران و حكومەتی عیراق دەربڕیوە و پابەندبوونی وڵاتەكەشی نیشانداوە بۆ هاوكاریكردنی عیراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەكان كە رووداوەكانی ئەمدواییە بەسەر ناوچەكەیدا سەپاندووە، هەروەها بە گرنگیشی زانیوە هەماهەنگییەكانی نێوان عیراق و سووریا پتەوتر بكرێت بەتایبەتی لە هەردوو بواری ئەمنی و ئابووری.