راچڵەكین-
لەنوێترین لێدوانیدا، جارێكی تر دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا كۆتایی جەنگی لەگەڵ ئێران و نزیكی رێكەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا راگەیاند.
رۆژی هەیینی 12ی حوزەیرانی 2026 ئاژانسی سی ئێن ئێن لەزاری دۆناڵد ترەمپ بڵاویكردەوە:" نازانم گوێتان لێبووە یان نا، بەڵام ( رۆژی پێنجشەممە) كۆتاییمان هێنا بەجەنگ لەگەڵ ئێران... رازی بوون كە نەبنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئەوە ئەو بابەتەیە كە پێداگریمان لەسەری دەكرد كە 95%ی بابەتەكەی پێكدەهێنا."
لێدوانە نوێیەكەی ترەمپ، دوای چەند كاتژمێرێكی كەم دێت لەراگەیەندراوێكی لەنێو كۆشكی سپی كە ئاماژەی كرد بە چارەسەرێكی زۆر نایاب بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگ لەگەڵ ئێران:" لەگەڵ واژۆكردنی رێكەوتننامەكە، دەستبەجێ گەرووی هورمز دەكرێتەوە.. ئەوەش زۆر زۆر نزیكە"
سەبارەت بەوەی ئایا موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران ڕازییە بەو رێكەوتنە، ترەمپ ووتی:" بڕوام وایە وەڵامەكە بەڵێ بێت"
سەرۆكی ئەمریكا پێشبینیشی كرد، لەچەند رۆژی داهاتوودا، لەیەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا رێكەوتنەكە واژۆ بكرێت و جەی دی ڤانس-ی جێگری سەرۆك، نوێنەرایەتی ئەمریكا دەكات.