راچڵەكین-
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریكی، بڵاویكردەوە، بەئەگەرێكی زۆر، یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان ئەمركیاو ئێران لەژنێف-ی سویسرا ئەنجامدەدرێـت.
بەهەمان شێوە ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویكردووەتەوە، ژنێف ئەو شوێنەیە كەئەگەری زۆرە رێكەوتنەكەی لەماوەیەكی كورتدا كە پێدەچێت رۆژی (یەكشەممەی داهاتوو 14ی حوزەیران) بێت، لێ واژۆ بكرێت.
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە سی ئێن ئێن-یان راگەیاندووە، مەراسیمی واژۆكردنەكە لە سویسرا ئەنجامدەدرێت كە زۆر دوور نییە لەو شوێنەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكاو شاندێكی ئەو وڵاتەی لێیە ئەویش فەڕەنسایە كە بڕیارە لوتكەی گرووپی حەوتی لێ بەڕێوەبچێت.
چەند سەرچاوەیەكی تریش ئاماژەیان بەوەكردووە، یاداشتی لێكتێگەیشتنەكە ناوی لێدەنرێت " راگەیەندراوی ئیسلام ئاباد" وەك ڕێزێك بۆ ئەو رۆڵەی پاكستان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا گێڕاوویەتی بۆ هێنانە كایەی ئاشتی لەنێوان ئەمریكاو ئێران.
لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا، سەرچاوەیەكی ئێرانی ئەوەی ڕوونكردووەتەوە، هێشتا بەتەواوی شوێنی واژۆكردنی رێكەوتنەكە جێگیر نەبووەو " ڤیەننا"ش شوێنكی ترە كەناوی دەهێنرێت.
پێشتر ئاژانسی سی ئێن ئێن لەزاری دۆناڵد ترەمپ بڵاویكردەوە:" نازانم گوێتان لێبووە یان نا، بەڵام ( رۆژی پێنجشەممە) كۆتاییمان هێنا بەجەنگ لەگەڵ ئێران... رازی بوون كە نەبنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئەوە ئەو بابەتەیە كە پێداگریمان لەسەری دەكرد كە 95%ی بابەتەكەی پێكدەهێنا."
لێدوانە نوێیەكەی ترەمپ، دوای چەند كاتژمێرێكی كەم دێت لەراگەیەندراوێكی لەنێو كۆشكی سپی كە ئاماژەی كرد بە چارەسەرێكی زۆر نایاب بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگ لەگەڵ ئێران:" لەگەڵ واژۆكردنی رێكەوتننامەكە، دەستبەجێ گەرووی هورمز دەكرێتەوە.. ئەوەش زۆر زۆر نزیكە"
سەبارەت بەوەی ئایا موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران ڕازییە بەو رێكەوتنە، ترەمپ ووتی:" بڕوام وایە وەڵامەكە بەڵێ بێت"
سەرۆكی ئەمریكا پێشبینیشی كرد، لەچەند رۆژی داهاتوودا، لەیەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا رێكەوتنەكە واژۆ بكرێت و جەی دی ڤانس-ی جێگری سەرۆك، نوێنەرایەتی ئەمریكا دەكات.