راچڵەكین -
پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین لە پەیامێكدا داوا لە هاووڵاتیان دەكات لەكاتی چوونیان بۆ دەرەوە و بۆ سەیران و گەشتوگوزار، ئاگر بە گەشاوەیی بەجێ نەهێڵن و كۆنتڕۆڵی سەرچاوەكانی ئاگركەوتنەوە بكەن، راشیدەگەیەنێت: هەر كەسێك سەرپێچیی بكات رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 12-6-2026 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ رێژەی بارانبارین زۆر بوو، لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان و بەتایبەت لە سنوورەكەمان كە بووەتە هۆی دروستبونی پووش و پاوانێكی چڕ، بۆیە ئەوەش سامانێكی نیشتیمانییە و پێویستە هەموومان پارێزگاریی لەو سەروەتە بكەین.
لە بەشێكی پەیامەكەدا هاتووە، "بۆیە تكاتان لێدەكەین لەكاتی چوونتان بۆ دەرەوە و بۆ سەیران و گەشتوگوزار، ئاگاداری ئاگركردنەوە ببن و ئاگر بە گەشاوەیی بەجێ مەهێڵن و كۆنتڕۆڵی سەرچاوەكانی ئاگركەوتنەوە بكەن، وەك لە نمونەكانی جگەرەكێشان و نێرگەلەكێشان و بابەتەكانی تر.
پۆلیسی راپەڕین هۆشداریشیداوە كە هەر كەسێك سەرپێچیی بكات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.