راچڵەکین-
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، ئەگەر هەیە سوریا بەشداری بکات لە چالاکییە سەربازییەکانیان دژی حزبوڵای لوبنانی، ئەحمەد شەرع ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند: ئەو دەنگۆیانەی باس لە چوونە ناوەوەی هێزەکانی سووریا بۆ ناو خاکی لوبنان دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە و پرسی دەستنیشانکردنی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ئێستادا لە پرۆژەدا نییە.
شەرع ڕوونیکردەوە: بابەتی دیاریکردنی سنوورەکان لەم قۆناغەدا لە کارە لەپێشینەکان نییە، بەتایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ئەو تەنگژە و کۆچە ناوخۆییە گەورەیەی کە لوبنان بەخۆیەوەی دەبینێت و بەهۆیەوە نزیکەی ملیۆنێک و نیو کەس ئاوارە بوون.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی سووریا لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە ئەگەری هەیە سووریا ڕۆڵ بگێڕێت لە ئاسانکاریی جێبەجێکردنی هێرشی "وردتر" دژی حزبوڵڵا لە لوبنان، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ سەرکردایەتییە نوێیەکەی دیمەشق.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی نیوز" ئەحمەد شەرعی بە "سەرکردەیەکی زۆر باش" وەسف کرد کە لە ماوەیەکی کورتدا توانیویەتی هەنگاو بنێت بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، و ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ڕەنگە شەرع ئامادە بێت هاوکاریی هەوڵە ئەمنییە هەرێمییەکان بکات.
جێی ئاماژەیە لە چەند مانگی ڕابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بووژانەوە کە لەلایەن کارگێڕی نوێی سووریاوە سەرکردایەتی دەکرێت، چەندین سزای سەر ئەو وڵاتەی هەڵگرت.