راچڵەكین -
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند كە لەسنووری قەزای شارەزوور بڕێكی زۆر گەنمی هاووڵاتییەكی دزیبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 14-6-2026 بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە بڕێكی زۆر گەنمی لێدزراوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە رێكخرا و بڕیاری دادوەریش وەرگیرا، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و سەرەنجام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزوورەوە تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت، هاوكات دەستبەسەر گەنمە دزراوەكە و ئەو ئۆتۆمبێلەشدا گیرا كە تاوانەكەی پێ ئەنجامدرابوو.
وەك لە راگەیەندراوەكەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، تۆمەتبار ( ك، ك، ح لەدایكبووی 1986 ) بە بڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی (٤٤٦) لەیاسای سزادانی عیراقی، راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.