راچڵەكین-
پارێزەرانی عەبدوللەتیف ئەحمەد دەڵێن، بڕیاری عەزلكردنی بریكارەكەیان لەوەزیفە بە" نایاسایی" دەزانن و دادگا بەشوێنی یەكلایكردنەوی ئەم دۆسیەیە دەزانن.
رۆژی چوارشەممە 1ی تەمووزی 2026 عەتا عوسمان حسێن و ئارام ڕەزا سەعید، پارێزەرانی عەبدوللەتیف ئەحمەد، راگەیەندراوێكیان لەبارەی بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە ( عەزل)كردنی بریكارەكەیان لەپیشەكەی بڵاوكردەوە.
وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:" دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوون بكەینەوە كە ئەو لیژنەیی لێكۆڵینەوەیەیی كە لەسەر بەڕێز دكتۆر(عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا) مامۆستای زانكۆی سلێمانی پێكهێنراوە، پێشێلكاری یاسایی زۆریان بەرامبەر بەم كەیسە كردووە."
"بەهەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە بەڕێز دكتۆر(عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا)بە بڕوابونی تەواوی خۆیەوە ، تانە لەم بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا دەدات سەبارەت بەسزادنی بە عەزل كردنی لە وەزیفە، ئێمە ئەو بڕیارە بەنایاسایی دەزانین، بەڕێزیان هەرگیز دان نانێت بەو تۆمەتەی كە بۆی دروستكراوە."
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" ڕادەگەیەنیین كە بەڕێزیان بەهیچ شێوەیەك سازش لەمافی خۆی ناكات لە پەنابردن بۆ دادگا، وە دادگا بەشوێنی یەكلایكردنەوی ئەم دۆسیەیە دەزانین"
پارێزەرانی عەبدوللەتیف ئەحمەد داوا لەسەرجەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكەن:" بە وردی و بابەتیانە لەم دۆسییە بڕوانن وە بڕیاری پێشوەختە لەم دۆسیەیەدا نەدەن بنەما لەسەر ڕیزگرتن لەیاسا، وەڕێگەبدەن دادگا ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت لەم بارەیەوە."
پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەفەرمانێكی وزاری بڕیاریدا بە ( عەزل) كردنی عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستا لەكۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان/ زانكۆی سلێمانی لەسەر ئەو دۆسێیەی پێی تۆمەتباركرابوو.