ئەو تۆمەتبارەی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلی ساختە كردبوو دەستگیر كرا

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 124

راچڵەكین -

لەسنووری ئیدارەی سۆران، تۆمەتبارێك لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا كە بە ساختە ساڵنامەی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەكی كردبوو بەناوی خۆیەوە و لەو رێگەیەوە دەیویست بڕی حەوت هەزار دۆلار وەك رەهن لە كەسێكی تر وەربگرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 1-7-2026 بڵاوكراوەتەوە، مەفرەزەكانیان توانیان تۆمەتبارێك دەستگیر بكەن، كە هەستاوە بە دەستكاریكردن و ساختەكردنی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا كۆرۆلا كە بەناوی خۆیەوە نەبووە، بەمەبەستی ئەوەی خۆی وەك خاوەنی فەرمی ئۆتۆمبێلەكە نیشان بدات. پاشان لە ڕێگەی كارپێكەری كۆمەڵایەتی ( واتساپ ) وێنەی ساڵنامە ساختەكەی بۆ كەسی بەرامبەری ناردووە، بە مەبەستی ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەی لەلای دابنێت بە ڕەهن و بڕی حەوت هەزار دۆلاری بە فێڵ لێ وەربگرێت.

پۆلیسی سۆران ئاماژەی بەوەكردووە، دوای كۆكردنەوەی زانیاری و وردبینی، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە ڕێكخرا و بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، مەفرەزەیەكی پۆلیس توانی تۆمەتبارەكە دەستگیر بكات و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەكەشدا بگرن.

تۆمەتبارەكە لەمیانی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا، دانی بە تاوانەكەیدا نا، كە بە مەبەستی فێڵكردن و وەرگرتنی پارە، ساڵنامەكەی ساختە كردووە. لە ئێستاشدا تۆمەتبار بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عیراقی، راگیراوە و رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن