راچڵەكین-
یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان داوا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی دەكات رێكاری پێویست بەرامبەر عەبدوللەتیف ئەحمەد بگرێتە بەر.
رۆژی پێنجشەممە 2ی تەمووزی 2026 یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی دۆسێی عەبدوللەتیف ئەحمەد بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، لەبەر ئەوەی عەبدوللەتیف ئەحمەد، ئەندامی ئەوان نییە و فەرمانبەر بووە لەسەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، هەربۆیە وەك چوارچێوەی یاسایی نەیانویستووە هیچ قسەیەك بكەن، لەبەر ئەوەی لیژنەی زانكۆی سلێمانی بۆ كەیسەكە راسپێردرا لێكۆڵینەوەو كاری پێویست بكەن، دواجار لەسەر راپۆرتی لیژنەكە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری خۆی دەركرد.
یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دەڵێت:"لەو سۆنگەوە كە پێگەی مزگەوت و پیشەی مەلایەتی گرنگ و هەستیارەو پێوستی بە پارێزبەندی هەیە و بەلای ئێمەوە جێی بایەخە، لەبەر ئەوە داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی / بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی دەكەین رێكاری پێویست بگرنە بەرو هەڵوێستی پێویست و پەیوەست وەربگرن."
هاوكات داوا لە هاوڵاتیان و دەزگاكانی راگەیاندن كراوە، هیچ جۆرە سوكایەتیەك بە پیرۆزییەكان و زانایانی ئایینی و مزگەوت و مینبەر نەكەن، چونكە:" كەس تاوانی كەس هەڵناگرێت و كرداری موسڵمانیش لەسەر ئیسلام حیساب نیە."