وەزارەتی دارایی هەرێم كۆی داهات و خەرجی حەوت ساڵی ڕابردوو بڵاو دەكاتەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 72

راچڵەكین-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، داهاتی حەوت ساڵی وەزارەتەكان جگە لە باج و گومرگ نزیكەی ١٤ ترلیۆن دینار بووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری رۆژی پێنجشەممە 2ی تەمووزی 2026 ئاماژەی بەوەكردووە، لە درێژەی بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی پەرتووكی كار و چالاكی و چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی ( ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥ )، تێكڕای خەرجییەكانی حكومەت لەو حەوت ساڵەدا زیاتر لە ( ٨٧ ) ترلیۆن دینار بووە و تێكڕای داهاتەكانیش زیاتر لە ( ٥١ ) ترلیۆن دینار بووە، جگە لە تەمویلی هاتوو بۆ مووچە لە بەغداوە.  

"داهاتی نانەوتی لە فەرمانگە و وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێگیر نییە و مانگانە كۆكردنەوەی داهات گۆڕانكاریی بەسەردادێت. " وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.

"بەو پێیەی هەندێكیان لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی پارە (المقاصە) نێوان وەزارەتەكانی دیكە و وەزارەتی دارایی و ئابووری دەكرێن. هەروەها گواستنەوەكان بەشێوەی چەك تەمویل دەكرێن نەك بە پارەی كاش. "

"ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ١٥ بۆ ٢٠٪ی كۆی داهاتی نانەوتی وەزارەتەكان كاش نییە و نابێتە كۆتا نەختینە لەبانكەكاندا، بەڵكو لە ڕێگەی مامەڵەی ئاڵوگۆڕكردنەوە دەگوازرێتەوە، سەڕەرای دواكەوتنی پێدانی ڕسوماتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان وەك داهاتەكانی پارەی ئاو و كارەبا و هاتووچۆ و شارەوانییەكان."

 بۆیە هیچ بڕە پارەیەكی جێگیری مانگانە نییە كە بتوانێت ببێتە پێوەرێك بۆ داهاتی مانگانەی نانەوتی لە وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم، كە كۆدەكرێنەوە و دەگوازرێتەوە بۆ سەر هەژماریی وەزارەتی دارایی و ئابووریی.

دەرئەنجامی كۆی گشتیی خەرجییە كردارییەكان و كۆی گشتیی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٩ تا كۆتایی ٢٠٢٥ 

یەكەم: كۆی گشتی خەرجییە كردارییەكان ٨٧.٥  ترلیۆن دینارە.
٧٤ مووچە كۆی خەرجی ٦٥.٣ ترلیۆن دینار بەڕێژەی ٧٥٪ لە كۆی گشتی خەرجییە كردارییەكان.
• خەرجیەكانی بەكارخستن بۆ كاروباری ڕۆژانەی حكومەت ١٤.٢ ترلیۆن دینار بەڕێژەی ١٦٪.
• خەرجیەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ٤ ترلیۆن دینار بەڕێژەی ٤.٦٪ .
• خەرجیەكانی وەبەرهێنان ٣.٨ ترلیۆن دینار بە ڕێژەی ٤.٤٪ .
دووەم: كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ (نەوتی و نانەوتی) دەكاتە ٥١،٣ ترلیۆن دینار.
• داهاتی نەوتی لە ساڵی ٢٠١٩ تا مانگی ٣ ی ٢٠٢٣ ، دەكاتە ٢٢.٥ ترلیۆن دینار بە ڕێژەی ٤٤٪ لە كۆی داهات.
• داهاتی گومرگ و دەروازەكان، ٩.٥ ترلیۆن دینار بە ڕێژەی ١٨.٥٪ لەكۆی داهات.
• داهاتی باج و خانووبەرەی میریی، ٥.٤ ترلیۆن دینار بە ڕێژەی ١٠.٥٪ لەكۆی داهات.
• داهاتەكانی تر، ١٣.٨ ترلیۆن دینار بەرێژەی ٢٧٪ لەكۆی داهات.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوانەی چەند مانگی ڕابردوو عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكەی پێدا تێپەڕبوو، داهاتی نانەوتی هەرێم لە شەش مانگی سەرەتای ٢٠٢٦ ، بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە كە پێشتر بەخشتەیەك بڵاویان كردووەتەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن