راچڵەكین-
ئەنجوومەنی باڵای دداوەری لەعیراق نەخشەڕێگایەكی دەستووری و یاسایی بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكراكرد كە ئامانج لێی سوككردنی ڕێوشوێنە دادوەریەكانن " سوككردنی سزا " بەرامبەر ئەو كەسانەی تۆمەتبارن بەگەندەڵی دارایی و كارگێڕی بەو مەرجەی " خۆویستانە" سامانی دزراوی گشتی بگەڕێننەوە. جەختیش لەوە كراوە ئەو میكانیزمە لەدۆسێی " ئەمانەتی باجەكان" و تۆمەتبارانی دۆسێی " كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكور" پەیڕەو كراوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق رۆژی هەیینی 17ی تەمووزی 2026 لەڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی دۆسێی "دزی سەدە" كە تیایدا نور زوهەیر بەتاوانی تێوەگلان لەو دزییە دەستگیركرا، ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی رێكەوتنی نێوان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆك وەزیرانی پێشوو، نور زوهەیر بە كەفالەت ئازاد كرا بۆ ئەوەی پارەكان بەچەند قۆناغێك بگەڕێنێتەوە. لەو كاتەدا 365 ملیار دیناری گەڕاندەوە لە كۆی یەك ترلیۆن و 618 ملیار دینار كە لەئەستۆی هەردوو كۆمپانیاكەی (قانێت و موبدیعون) بوو. ئەو پارەیەش بەشێكبووە لەكۆی گشتی ئەو پارەی لە بانكی ڕافیدەین لەڕێی چەند كۆمپانیایەكەوە ڕاكێشراوە كە دەگاتە بڕی 3 ترلیۆن و 831 ملیار دینار.
وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەڵام دوای ئازادكردنی تاوانبارەكە ( نور زوهەیر) و هەڵاتنی بۆ دەرەوەی عیراق پرۆسەی پارەدانەكە وەستا، بەهۆیەوە بە غیابی سزای 10ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا و فەرمانی دەستگیركردنیشی ئاراستەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) كراوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق دەڵێت، پارێزەرەكەی نور زوهیر داوایەكی پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی بریكارەكەی هەمواری یاسای لێخۆشبوونی گشتی بیگرێتەوە، لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لەئەستۆیدا ماوەتەوە. بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەو داوایەی نەدراوەتەوە و چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عیراق دەكرێت كەلایەنی زیانلێكەوتووە لەو دۆسێیەدا.
لەسەر هەمان دۆسیە، 12 فەرمانبەری دەستەی گشتیی باجەكان سزادراون و لە زینداندان بەهۆی ئەوەی بەشداربوون لە میكانیزمەكانی تایبەت بەراكێشانی پارەكە لەگەڵ چەند كەسێكی تر كە فەرمانبەر نین و ئەو پەیوەندیەیان قۆستووەتەوە كەلەگەڵ وەزیری دارایی ئەو كات هەیانبووە، هەروەها سزای غیابی بۆ بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و چەند ڕاوێژكارێكیش دەرچووە، كە ئەوانیش دەتوانن لێخۆشبوون بیانگرێتەوە ئەگەر پارەكان بگەڕێننەوە، هاوكات دەست بەسەر سەروەت و سامانی ئەو كەسانەشدا گیراوە كە لە عیراق و كوێت بوون و تێوەگلاون.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەیدا دەڵێت لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو سەرۆكوەزیرانە كراوە كە ئەو تاوانە لەسەردەمی حكومەتەكەی ئەودا ڕوویداوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە دۆسیەكەی داخراوە.
سەبارەت بە دۆسیەی كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكوور و تۆمەتبار عەدنان جومەیلی و چەند پەرلەمانتارێك كەلەسەر هەمان دۆسێ دەستگیركراون، ئەنجومەنەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ئەگەر تاوانەكانیان پێش كۆتایی هاتنی هەمواری یاسای لێخۆشبوون بێت هەمان ڕێكاریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و سزاكانیان سووك دەكرێت لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی پارەكان بۆ وەزارەتە زیانلێكەوتووەكان، بەڵام ئەگەر دوای هەمواری یاساكە بێت، ئەوا ڕێكاری توندتریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.