پارتێكی ئەڵمانی هەڕەشەی دەركردنی كۆچبەرە نایاساییەكان دەكات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 94

راچڵەكین -

پارتی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا، رایدەگەیەنێت ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو توانی سەركەوتن لە ویلایەتی سەكسۆنیا ئەنهالت بەدەستبهێنێت، یەكەم كاری بریتی دەبێت لە دەركردنی سەرجەم ئەو كۆچبەرە بیانییانەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی هاتوونەتە وڵاتەكە.

ئۆلریش زیگمۆند، كاندیدی پارتی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا، لە لێدوانێكدا لەبەردەم نوێنەرانی پارتەكەی لە شاری ماكدبۆرگ، رایگەیاند: ئەگەر توانیمان لە هەڵبژارنەكانی 6ی ئەیلولی ئەمساڵ سەركەوتن بەدەستبهێنین، چەندین ئەركی گرنگ لەسەرشانمانە كە دەبێ جێبەجێیان بكەین، یەكەمین ئەركیش دەركردنی ئەو كۆچبەرانەیە كە بەشێوەیەكی نایاسایی روویان لە وڵاتەكەمان كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو پەراوێزە یاساییە بەردەستەكان بەكاردەهێنین، لەوانەش دەستبەسەركردنیان وەك ئامادەكارییەك بۆ دیپۆرتكردنەوەیان.

لێدوانەكەی ئۆلریش زیگمۆند لەكاتێكدایە بەگوێرەی راپرسییەكان، ئاستی جەماوەیی پارتی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا لە ویلایەتی سەكسۆنیا ئەنهالت، بەشێوەیەكی بەرچاو روو لە بەرزبوونەوەدایە و پێش پارتەكانی دیكە كەوتووەو ئەگەری هەیە سەركەوتن لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئەو ویلایەتە بەدەستبهێنێت، كە بڕیارە رۆژی 6ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

پارتی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا، بە دژایەتیكردنی كۆچبەرانی بیانی ناسراوە و پاڵپشتییەكی زۆر لە رووسیا و ئەمریكا دەكات و گوشارەكانیشی لەسەر حكومەتی بەرلین زیادكردووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ مۆسكۆ و كۆتایی هێنان بە پاڵپشتیكردنی ئۆكراینا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن