راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران، ڕوونكردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەمووزی 2026 وەزارەتی دارایی و ئابووری لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، بڕی ( ٨٤١،١٦١،٠٠٠،٠٠٠ ) بڕی هەشت سەدو چل و یەك ملیارو سەدو شەست و یەك ملیۆن دینار وەك تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق.
هاوشێوەی مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی ( ١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دیناری وەك پشكی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران لە كۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
ئەوە سەرەڕای ئەوەی بڕی ( ٣،٣٢٦،٩٣١،٠٠٠ ) سێ ملیارو سێ سەدو بیست و شەش ملیۆن و نۆسەدو سی و یەك هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران نەناردووە كە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەكانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەكردووە، دوای تەواوكردنی ڕێكارەكان و وەرگرتنی پارەكە بەشێوەی كاش لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەكرێتەوەو لە نزیكترین كاتدا دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەكرێت.