راچڵەكین-
دوای ئەوەی حكومەتی توركیا لەدادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس، تانەی لە بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) دابوو لەبارەی قەرەبووكردنەوەی عیراق بەبڕی نزیكەی ملیارو نیوێك، تانەكەی توركیا لەلایەن دادگاكەوە ڕەتكرایەوە، لەو حاڵەتەشدادەبێت ئەنكەرە قەربووە ملیار دۆلارییەكە بدات بە عیراق.
ناكۆكی نێوان بەغداو ئەنقەرە لەسەر هەناردەكردنی نەوتی خاو لەهەرێمی كوردستان، لەساڵی 2023 گەیشتە خاڵێكی هەستیار، كاتێك دادگای ناوبژیوانیی ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) بڕیاریدا توركیا بڕی 1 ملیارو 471 مليۆن دۆلار وەك قەرەبوو بداتەوە بەعیراق، بەهۆی ئەوەی تۆمەتباركرا بەپشتگوێخستنی دەسەڵاتی بەغدا.
سەرەتای كێشەكە وەك پێگەی "ئۆراسیا ڕیڤیو" لەڕاپۆرتێكدا ئاماژەی پێكردووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ نەوتی بەكۆمپانیا بازرگانییە جیهانییەكان وەك "ڤیتۆڵ"، "گلێنكۆر"و "ترافیكۆرا" فرۆشتووە، بەشێوەیەك لەنێوان ساڵانی 2014و 2023، بڕێكی زۆر لەنەوتی هەرێم بۆ ئەوروپاو ئاسیا (بەتایبەت ئیتاڵیا، یۆنان، فەرەنساو هیندستان)و ئیسرائیل هەناردەكراوە.
كۆمپانیا بازرگانییە نێوەندگیرەكان زۆرجار نەوتیان بەنرخی كەمتر كڕیوە، كە قازانجی زۆری بۆ ئەوان مسۆگەر دەكرد لەڕێگەی هەناردەكردنەوە.
بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی ڕاپۆرتەكە، هەرێمی كوردستان لەماوەی 10 ساڵدا بەهەناردەكردنی ساڵانە تا 100 ملیۆن بەرمیل نەوت بەتێكڕای 50 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، نزیكەی پێنج ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە، هاوكات، توركیا لەڕێگەی باجی تێپەڕبونو خزمەتگوزارییەكانی دیكە لەجەیهان، ساڵانە لەنێوان 300 بۆ 500 ملیۆن دۆلاری قازانجكردوە.
حكومەتی عیراقیش بانگەشەی ئەوەدەكات، نزیكەی 25-30 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتوە بەهۆی ئەم هەناردانەی كە بەبێ مۆڵەتو نایاسایی دادەنرێن
رۆژنامەی "زەمان" توركی لەزاری دێنیس یاڤوز یەڵماز، پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی توركیا هەوڵی شاردنەوەی داوە:" هەوڵەكانی ئەنقەرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەرەبووكە شكستیهێناوەو بەڵگەنامە فەرمییەكانیشی بڵاوكردووەتەوە."
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو سزایە بەهۆی ئەو پێشێلكارییانەوەیە كە لەلایەن حكومەتەوە ئەنجامدرا سەبارەت بە بۆری نەوتی خاو لە نێوان عیراق و توركیادا و ئێستاش توركیا ناچارە بە پێدانی یەك ملیار و 471 ملیۆن دۆلار قەربوو بە عیراق.