ژمارەیەك ئەفسەری باڵای عیراق بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركران

عێراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 72

راچڵەكین -

دەستەی دەستپاكیی عیراق، دەستگیركردنی ژمارەیەك ئەفسەری بالای وەزارەتی بەرگریی عیراق رادەگەیەنێت، كە تێوەگلاون لە كەیسێكی گەندەڵی بە بەهای زیاتر لە 92 ملیار دینار.

ئەمڕۆ سێشەممە 14-7-2026، دەستەی دەستپاكیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكانی وەزارەتی بەرگریی، گەندەڵییەكی گەورە لە گرێبەستی نۆژەنكردنەوەو پێشخستن و دابینكردنی كەلوپەل بۆ نەخۆشخانەی هێزی ئاسمانیی روستەمیە، ئاشكرابوو كە بڕەكەی زیاتر لە 92 ملیار و 883 ملیۆن دینارە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، دوای وردبینی و لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكە لەلایەن تیمێكی دەستەی دەستپاكیی، كە ئەركی پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوەی گرێبەستەكانی حكومەتیان پێسپێردراوە، دەركەوتووە گومانی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی و سەرپێچییەكی زۆر لە ڕێكارەكانی پێدان و نرخدانانی ئەو گرێبەستەدا هەیە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی كارپێكدرنی وەزارەتی بەرگریی و كۆمپانیایەكی بیانی، لەسەر ئەو كەیسەش بەهاوكاری هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، فەرمانی دادوەری دادگای تاوانەكانی گەندەڵی بۆ دەستگیركردنی پێنج ئەفسەری باڵا بە پلەكانی لیوا و عەمید و عەقید، لەگەڵ پێنج ئەندازیار جێبەجێكرا و سەرجەمیان دەستگیركران.

دەستەی دەستپاكیی عیراق ئاشكرایكردووە، گرێبەستەكەی نەخۆشخانەی هێزی ئاسمانیی روستەمیە، بەشێوەی راستەوخۆ رەوانەی جێبەجێكردن كراوە بەبێ ئەوەی هیچ كێبڕكێیەك پەیڕەو بكرێت، لەگەڵ بوونی زیادەڕۆییەكی بەرچاو لە نرخەكان بۆ زۆرێك لە بڕگەكانی گرێبەستەكە، جگە لە چەندین گۆڕانكاری كە بە شێوەیەكی بەرچاو تێچووی خەمڵێنراوی گرێبەستەكەی زیادكردووە.

دوای دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ كەیسەكە بەگوێرەی ماددەی 318 لە یاسای سزادانی عیراقی، كراوەتەوە خراوەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبتمەند بەمەبەستی تەواوكردنی رێكارەكان و دیاریكردنی چارەنووسی تۆمەتبارەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن