راچڵەكین -
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی رووماڵكردنی رووداوە ئەمنییەكاندا داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندن دەكات بە تەواوی پابەندی یاسا و رێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بن و هۆشدارییش دەدات هەر كەناڵێك سەرپێچی بكات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە و ڕێكاری پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
لە گشتاندنێكدا كە ئەمڕۆ شەممە 18-7-2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و چاپ و بڵاوكردنەوەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری ئاڕاستەی كەناڵەكانی راگەیاندنی كردووە، تێیدا هاتووە، وەك ئاشكرایە، هەرێمی كوردستان لەم دۆخە ئەمنییە هەستیارەدا پێویستی بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەیە. بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هەرێم و ڕێگریكردن لەهەر جۆرە پشێوییەك، گشت كەناڵەكانی میدیای بینراو و بیستراو ئاگادار دەكەینەوە كە پێویستە لەكاتی ڕووماڵكردنی هێرشە درۆنییەكان و ڕووداوە ئەمنییەكاندا، بە تەواوی پابەندی یاسا و رێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بن.
لە گشتاندنەكەدا چەند خاڵێك دیاریكراوە كە سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن پابەندكراون بە جێبەجێكردنیان، لەوانە:
1. پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و كۆمەڵایەتی: پابەندبوون بە ڕێكارە پیشەییەكان بۆ ئەوەی ڕووماڵی ڕووداوەكان نەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیری، و بەدووربوون لە بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە زانیاری، وێنە، یان ڤیدیۆیەكی ناڕاست كە ببێتە هۆی دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتییان.
2. پابەندبوون بە وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەكان.
3. پاراستنی سەقامگیری بازاڕ و باری ئابووری: خۆبەدوورگرتن لەو جۆرە ڕووماڵانەی كە دەبنە هۆی تێكچوونی دۆخی ئابووری، دروستكردنی پشێوی لە بازاڕەكان، یان گرانبوونی نرخەكان؛ چونكە میدیا بەرپرسە لە نەبوونی ئەو كاریگەرییە نەرێنییانەی كە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دروست دەبێت.
4. لێپرسینەوەی یاسایی: هەر سەرپێچییەك لەم خاڵانەی سەرەوە و لەو بنەما یاساییانەی لە "رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2014"دا هاتووە، كەناڵەكە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەكاتەوە و ڕێكاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.