ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

54 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 76

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشنیارەكانی وەزارەتی كارەبای پەسەند كرد تایبەت بە ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان لە گەڕانەوەی قەرزی كەڵەكەبووی پارەی كارەبا، ئەویش لە ڕێگەی داشكاندنی بەشێك لە قەرزە كەڵەكەبووەكان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی تەممووزی 2026، بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و ژمارەیەك بابەتی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ئاسایش، خزمەتگوزاری و كاروباری پەیوەست بە ئەركی گشتی تاووتوێ كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستانی سەركۆنە و شەرمەزار كرد و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەم جۆرە هێرشانە ئامانجی تێكدانی نەك تەنیا سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو هەوڵێكە بۆ تێكدانی ئارامیی ناوچەكە. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەكاتەوە هەرێمی كوردستان بەشێك نەبووە لە شەڕ و گرژییەكانی ناوچە و هەمیشە هەوڵی داوە وەك فاكتەرێكی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری بمێنێتەوە، بۆیە داوای كۆتاییهاتنی ئەو هێرشانەی كرد.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری ناوخۆ پێشنیاری درێژكردنەوەی ماوەی جێبەجێكردنی بڕیارێكی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ.

پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ پێشنیارەكەی پەسەند كرد بۆ لێخۆشبوون لە ڕێژەی 20٪ ی سزاكانی هاتوچۆ لە 1ی تەممووزی 2026 تا 31ی كانوونی یەكەمی 2026، ئەمەش بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاووڵاتییان و ئاسانكاری بۆ پاكتاوكردنی ئەو بڕە پارانەی لە ئەستۆیانە.

پاشان وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت ڕاپۆرتێكی تەواوی سەبارەت بە بارودۆخی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو، ئاماژەی دا بە هەنگاوەكانی وەزارەتیان بەمەبەستی دابەزینی نرخی بەنزین لە بازاڕەكانی هەرێم و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپارد، كە هەموو ڕێكار و هەنگاوێكی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ئاسانكاریی پێویست لەم ڕووەوە پێشكەش بكەن بۆ دابینكردنی بڕێكی زیاتر لە سووتەمەنی و ڕێگرتن لە هەر ڕێكارێك كە ببێتە هۆی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانیشی ڕاسپارد چاودێریی وردی بازاڕ و بەنزینخانەكان بكەن بۆ پابەندبوون بە نرخە دیاریكراوەكان لەلایەن وەزارەت و پاراستنی كوالیتیی بەنزین بە جۆرێك كە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.

دواتر وەزیری كارەبا ڕاپۆرتێكی لەسەر بارودۆخی كارەبا خستەڕوو، چەند پێشنیارێكی بۆ سوودی بەشداربووانی تۆڕی كارەبای نیشتیمانی پێشكەش كرد.

ئەنجومەنی وەزیران، لە دوای گفتوگۆ، پێشنیارەكانی وەزارەتی كارەبای پەسەند كرد تایبەت بە ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان لە گەڕانەوەی قەرزی كەڵەكەبووی پارەی كارەبا، ئەویش لە ڕێگەی داشكاندنی بەشێك لە قەرزە كەڵەكەبووەكان.

بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕێژەی 50% داشكاندن بۆ قەرزی كەڵەكەبووی هاوبەشانی ماڵان و كشتوكاڵی دەكرێت، هەروەها ڕێژەی 25% داشكاندن بۆ قەرزی هاوبەشانی بوارەكانی پیشەسازی، بازرگانی و كەرتی گشتی دەدرێت، بەمەبەستی هاندانی هاوبەشان بۆ پاككردنەوەی قەرزە كۆنەكان و خستنەوەگەڕی ئەم داهاتە لە خزمەتی كەرتی كارەبا و بەردەوامبوونی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی پڕۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری لە سەرانسەری هەرێم.

ئەنجومەنی وەزیران لە هەمانكاتدا، وەزارەتی كارەبا و تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕووناكی ڕاسپارد، لە ماوەیەكی نزیكدا، ڕێنمایی و میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بڵاوبكەنەوە، لەوانە ڕێكەوتی دەستپێكردنی داشكاندنەكە و شێوازی پارەدان و چۆنییەتیی دەستڕاگەیشتن بەم داشكاندنە و ئەو هاوبەشانەی كە داشكاندنەكە دەیانگرێتەوە.

لە هەمانكاتدا، جەخت لەوەش كرایەوە كە ئەم داشكاندنانە، تەنیا قەرزە كۆنەكانی پێش دەستپێكردنی پڕۆژەی ڕووناكی دەگرێتەوە نەك پارەی مانگانەی پڕۆژەی ڕووناكی، بۆیە پێویستە هەموو هاوبەشانی كارەبا بەردەوام بن لە پێدانی پارەی مانگانەی خزمەتگوزارییەكە لە كاتی خۆیدا تاوەكوو پڕۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری بەردەوام بێت.

لە دوا بڕگەی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، چەند ڕاسپاردەیەكی تایبەتی سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد.

پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران ئەو ڕاسپاردانەی پەسەند كرد، بەمەبەستی یەكخستن و نوێكردنەوەی ڕێكارەكانی پەیوەندیدار بە مۆڵەتی بێمووچە  لەگەڵ پێداویستییە یاساییەكان، بە تایبەتی یاسای نوێی بەركاری خانەنشینیی یەكگرتوو و یاسا پەیوەندیدارەكانی دیكەی وەزیفەی گشتی، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی ڕاسپارد، لە بەر ڕۆشناییی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕێنماییی پێویست لەمبارەوە دەربكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن