راچڵەكین-
وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە پێناو باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی ماف و موڵك و سامانی زەوی و خانووبەرەكانیان، گشتاندنێكی دەركردووە سەبارەت بە شێوازی راییكردنی مامەڵەكانی خانووبەرە لە فەرمانگەكانی تۆماركردنی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئەو گشتاندنە، راییكردنی هەموو مامەڵەكانی تۆماركردنی خانووبەرە لە هەموو فەرمانگەكانی تۆماركردنی خانووبەرەی هەرێم، تەنیا بە (كارتی نیشتیمانی) ئەنجام دەدرێت و هیچ مامەڵەیەك بەبێ پیشاندانی كارتی نیشتیمانی رایی ناكرێت.
وەزارەتی داد داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە هەروەها هاوكار بن لە گەیاندنی ناوەڕۆكی ئەم گشتاندنە بە پارێزەران و هاووڵاتیان و، جەخت لەسەر پێویستی هێنانی كارتی نیشتیمانی بكەنەوە لە كاتی سەردانی فەرمانگەكانی تۆماركردنی خانووبەرە، بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی مامەڵەكانیان بەگوێرەی ڕێنمایی و ڕێكارە پەسەندكراوەكان.