ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرا دەبێت

کوردستان

55 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 139

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانی ڕاسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان، تێڕوانینی یەكگرتووی حكومەت و خشتەی داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 ئامادە بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تەممووزی 2026، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە سەرەتای كۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەردەوامبوونی هێرشە تیرۆریستییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەربڕی و بە توندترین شێوە سەركۆنەی كرد. ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە كە ئەم هێرشانە، هەڕەشەیەكی دیارن بۆ ئاسایش، سەقامگیریی، ژیانی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان، هەرگیز بەشێك نەبووە لە گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، بەڵكوو هەمیشە پاڵپشتی ئاشتی، گفتوگۆ و دراوسێیەتی باش بووە.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و وەزیری كارەبا، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە دوا هەوڵەكانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندییدارەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەنزین و سووتەمەنی و دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی غاز و گەڕاندنەوەی توانا بەرهەمهێنانی وێستگەكانی كارەبا بۆ ئاستی ئاسایی، پێشكەش كرد.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپارد كە هەموو هەنگاو و ڕێكارە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانیش، چاودێرییەكی تەواوی بازاڕ و كوالێتی سووتەمەنی بكات، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە قۆرخكاری بكرێت و كار بكرێت بۆ هەڵگرتنی بەربەستەكان و هەموو ئاسانكارییە یاسایی و تەكنیكییەكانیش دابین بكات بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە ئاسانی و بە نرخێكی گونجاو، دەستیان بە سووتەمەنی بگات.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی لە مافی دەستووریی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی بەشی خۆی لە نەوتی تەرخانكراو بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ لەسەر ئاستی عێراق كردەوە، بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان و بنەماكانی یەكسانی و هاوسەنگی جێگیركراو لە دەستووری عێراقدا.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا، وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەكردنی پێشنیارەكانی بودجەی فیدڕاڵی ساڵی دارایی 2027 پێشكەش كرد. پاشان، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدڕاڵ و چوارچێوەی دەستووریی و یاساییەكەی خستەڕوو. هەروەها ئاماژەی دا بە هەموو ئەو دەقە یاساییانەی كە لە یاساكانی بودجەی پێشووی فیدڕاڵ لەمپەر بوون لە دابینكردنی بەشە بودجەی هەرێم، وباسی لە چۆنیەتی چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشە و بەربەستانەی كە دەبنە هۆی دواخستنی ناردنی مووچە كرد. سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش، میكانیزمی ئامادەكردنی خشتە و زانیارییە پێویستەكانی بودجەی پێشكەش كرد.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانانی ڕاسپارد كە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان، تێڕوانینی یەكگرتووی حكومەت و خشتەی داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 ئامادە بكەن، بە مەبەستی چەسپاندنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم و لابردنی ئەو بەربەستانەی كە لە یاساكانی بودجەی ساڵانی ڕابردوودا بوونەتە هۆی سنوورداركردنی مافە داراییەكانی هەرێم. لەمبارەیەوە جەخت لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم و لە نێویشیدا، دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەكی یەكسان لەگەڵ هەموو ناوچەكانی دیكەی عێراق كرایەوە.

هەروەها، سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردرا، لە نزیكترین دەرفەتدا، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساز بكات بە ئامادەبوونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێم، بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكان لە پێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

لە كۆتایی كۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر پڕۆژە یاساكانی قەرزكردن، بەخشین و هاوكاری (الاقتراچ والمنح والإعانات) و پڕۆژەی یاسای پەسەندكردنی ژمێرەی كۆتایی ساڵانی دارایی 2012 تا 2015 كرد.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری، وەزارەتی پلاندانان، سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد ، تێبینی و سەرنجە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایانە ئامادە بكەن و بۆ حكومەتی فیدڕاڵ و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵی بنێرن.

ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها جەختی لە مافی دەستووریی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی بەشی شایستەی خۆی لە هەر قەرز، بەخشین و هاوكارییەكی نێودەوڵەتی كردەوە كە حكومەتی فیدڕاڵ بەدەستی دەهێنێت. بەتایبەتیش كە هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای وەرگرتنی هەموو ئەو قەرزە نێودەوڵەتییانە، بەشدار بووە لە گەڕاندنەوەی قەرزەكان و ئەو سوودانەی هاتووەتە سەری، بۆیە نابێت لە كاتی دابەشكردنی قەرز و بەخشین و هاوكارییەكاندا، مافی دەستووریی هەرێم پشتگوێ بخرێت یان بە هیچ شێوەیەك سنووردار بكرێت.

كۆبوونەوە جەختی لەوە كردەوە كە ئەم پڕۆژە یاسایانە، كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ماف و بەرژەوەندییە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە پێویستە لە هەموو قۆناخەكانی تاوتوێكردن و پەسەندكردنیاندا، دەستوور و بنەماكانی سیستەمی فیدڕاڵی و پرەنسیپی دادپەروەری و یەكسانی نێوان هەموو ناوچەكانی عێراق، بە تەواوی ڕەچاو بكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن