راچڵەكین -
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی ئەو دوو تۆمەتبارەی راگەیاند، كە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەو هەردوو قەزای سەیدسادق و پێنجوێن، كەلوپەلی كارەبایی ناو بیناو خانووی تەواونەكراویان دزیبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 29-7-2026 بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سكاڵای تۆماركرد كە لە خانووە تەواونەكراوەكەیدا كێبڵ و وایەری كارەبایی لێدزراوە، بە بڕیاری دادوەر پەڕاوی لێكۆڵینەوە رێكخرا و دوای بەدواداچوونەكان و كۆكردنەوەی زانیاری پێویست، بەهاوكاری ئاسایشی سەیدسادق توانرا هەردوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوەو دەستگیر بكرێن، هەروەها دەستیش بەسەر ئەو ئۆتومبێلەدا گیرا كە تاوانەكانیان پێ ئەنجامدابوو.
پۆلیسی سلێمانی ئاشرایكردووە، هەردوو تۆمەتبار بەناوەكانی (س، ع، ئ لەدایكبووی ۱۹۹۱) و (ب، ج، م لەدایكبووی ۱۹۹٦ )، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی (٤٤۳) لەیاسای سزادانی عیراقی، راگیراون، لەكاتی لیكۆڵینەوەكانیشدا دانیان ناوە بە حەوت تاوانی دزیكردن لە پارێزگای هەڵەبجەو هەردوو قەزای پێنجوێن و سەیدسادق.