لوبنان فەرماندەیەكی سەربازیی رادەستی سووریا دەكاتەوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 66

راچڵەكین -

حكومەتی لوبنان فەرماندەیەكی پێشووی سەربازیی سووریا دەستگیر دەكات و بڕیاریشداوە رادەستی وڵاتەكەی بكاتەوە كە لەلایەن دادگاكانی سووریاوە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی خراوەتەپاڵ. 

میدیاكانی لوبنان بڵاویانكردەوە، عادل عیسا، یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی سوپای سووریای سەردەمی بەشار ئەسەد، كە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، بەرەو لوبنان هەڵاتبوو، لەچەند رۆژی رابردوودا دوای ئەوەی سەردانی باڵیۆزخانەی سووریای لە بەیروت كردبوو، دەستگیركرا.

ئەو فەرماندە سەربازییەی سووریا كە پلەكەی لیوا بووە و فەرماندەی فیرقەی 17ی سوپای سووریا بوو، هەرچەندە لەساڵی 2017 خانەنشین بووە، بەڵام دادگاكانی سووریا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، فەرمانی دەستگیركردنیان بۆی دەركردووە.

دادوەرێكی داواكاریی گشتی لوبنان، ئاشكرایكردووە، رێوشوێنە یاساییەكان بۆ رادەستكردنی لیوای خانەشین عادل عیسا بە حكومەتی سووریا، دەستی پێكردووە و بەئەگەرێكی زۆرەوە لەچەند رۆژی داهاتوودا رەوانەی وڵاتەكەی دەكرێتەوە بۆئەوەی لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراون، دادگایی بكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن